سەرۆکی یانەی نەسڕ: دانوستاندنمان لەگەڵ رۆناڵدۆ ماوەی 6 مانگی خایاند


رووداو دیجیتاڵ

موسەلا ئال موعەمەر، سەرۆکی پێشووی یانەی نەسڕی سعودی نهێنییەکانی دانوستاندنی لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پێشووی مانچێستەر یونایتد ئاشکراکرد و دەڵێ ماوەی شەش مانگ دانوستاندنمان لەگەڵیدا هەبوو، تاوەکو بەهاتنە سعودیە رازی بوو.
 
یانەی نەسڕی سعودی، لە مانگی یەکی ساڵی 2023 گرێبەستکردنی لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەدەستەوارەیەکی ئازاد راگەیاند، پاشئەوەی ئەو یاریزانە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی هەڵوەشاندەوە.
 
کاتێک رۆناڵدۆ پەیوەندی بەنەسڕەوە کرد، موسەلا سەرۆکی یانە سعودییەکە بوو.
 
ئەو سەرۆکەی پێشوو دەڵێ، "چیرۆکەکە لە مانگی شەش و حەوتی ساڵی 2022 دەستیپێکرد، ئەوکات میر خالید بن فەهدی ئەندامی زێڕینی یانەی نەسڕ، باسەکەی کردەوە، پاشئەوەی رۆناڵدۆ پەیوەندیکردن بە کەمپی مەشقی هاوینەی یانەکەی دواخست".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "پێیانگوتم رۆناڵدۆ پێشتر دەستەوارەی خولی سعودیەی رەتکردووەتەوە، بەڵام دواتر محەممەد خریجی، سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمپانیای وەسائیلی سعودی، پێیگوتم هەوڵدەدات پەیوەندی بەخۆرخی مێندێز، بەڕێوەبەری پێشووی کارەکانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بکات".
 
وەک سەرۆکی پێشووی یانەی نەسڕ ئاشکرایکردووە، "لەگەڵ محەممەد خریجی چووینە شاری مانچێستەر، بەڵام نەمانتوانی بیبینین، پاش گەڕانەوەمان، پەیوەندی ئەو یاریزانە لەگەڵ ئێریک تێن هاگی راهێنەری پێشووی یانەکەی تێکچوو".
 
موسەلا هەروەها دەڵێ، "میر عەبدولعەزیز بن ترکی فەیسەڵ، کە وەزیری وەرزشی سعودیە بوو لە دۆسێیەکە ئاگاداربوو، هەر بەئاگاداریی ئەو و پاش پەیوەندیکردن بەیەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەی، چووینە لیسبۆنا بۆ کۆبوونەوە لەگەڵی".
 
پاش گەیشتنی شاندە سعودییەکە، وەک موسەلا رایگەیاندووە، "لەگەڵ رۆناڵدۆ لە ماڵەکەی کۆبووینەوە، پاشان جارێکی دیکە لە قەتەر ئەومان بینییەوە و لەگەڵی کۆبووینەوە".
 
سعودییەکان دواتر ناچاربوون لەئاستی باڵادا دڵنیایی بدەنە رۆناڵدۆ، هەربۆیە وەک سەرۆکی یانە سعودیەکە دەڵێ، میر عەبدولعەزیز خۆی قسەی لەگەڵ رۆناڵدۆ کرد و دڵنیای کردەوە، کە ئەو دێتە پڕۆژەیەکی وەرزشیی گەشەپێدانی گەورە و ئەویش بە دەستەوارەکە رازیبوو".
 
موسەلا هەروەها دەڵێ، "رۆژی گرێبەستەکە، سەعد لەزیز، جێگری سەرۆکی دەستەی خولی سعودیە، بووە بەشێک لە شاندەکەی سعودیە، چونکە رۆناڵدۆ دوو گرێبەستی واژۆکرد، یەکێکیان لەگەڵ یانەی نەسڕ و ئەویدیکەش لەگەڵ دەستەی خولی سعودیە".
 
ئەو لە کۆتاییدا دەڵێ، "رۆناڵدۆ کۆڵەکەیەکی گرنگی پڕۆژەی وەرزشیی سعودیەیە، جێپەنجەیەکی نایابی بەلایەنەکانی دیکەوە دیارە، پێموایە خولی سعودیە بەبێئەو، بەشێکی گەورە لە درەوشانەوەی خۆی لەدەستدەدات".
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ تاوەکو ئێستا لە خولی سعودیە لە 117 یاریدا کۆی 104 گۆڵی تۆمارکردووە.