تایبەت بە رووداو سپۆرتس.. یاریزانێکی دیکەی کورد گەیشتە بوندێسلیگا
رووداو دیجیتاڵ
یاریزانێکی کورد سەرکردایەتیی تیپەکەی کرد بۆ ئەوەی بگەنە بوندێسلیگا و وەرزی داهاتوو لە بەرزترین ئاستی تۆپی پێی ئەڵمانیادا یاریی دەکات.
ئالان مەعمو، یاریزانێکی کوردە، تەمەنی 18 ساڵە، خەڵکی جندرێسی عەفرینی رۆژئاوای کوردستانەوە، لە منداڵییەوە لەگەڵ خێزانەکەی چووەتە ئەڵمانیا و لە شاری کۆلن دەژین، یاریزانە کوردەکە لە یانەی فۆرتونا کۆلنی ئەڵمانی لە تیپی لاوان یاریی دەکات و سەرکردایەتیی یانەکەی کرد بۆ گەیشتن بە بوندێسلیگای لاوان بۆ وەرزی داهاتوو.
ئالان شەوی چوارشەممە لە یارییەکی یەکلاکەرەوەدا لەگەڵ تیپەکەی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنیان بەرامبەر یانەی ڤیشتال بەدەستهێنا و لەگەڵ تیپەکەی گەیشتنە رکابەرییەکانی بوندێسلیگای خوار 19 ساڵان.
ئالان مەعمو، ڤیدیۆیەکی تایبەتی لەنێو ژووری جلگۆڕینی یانەکەیدا بۆ رووداو سپۆرتس ناردووە، لەگەڵ هاوڕێکانی ئاهەنگ دەگێڕن و دەڵێت "من ناوم ئالان مەعمویە، خەڵکی جندرێسی عەفرینم، ئێمە بردمانەوە و گەیشتینە بوندێسلیگا."
یاریزانەکەی فۆرتونا کۆلن، بە رووداو سپۆرتسی گوت "زۆر دڵخۆشین بەو ئاستە بەرزەی لەم وەرزەدا پێشکێشمانکرد و توانیمان بگەینە بوندێسلیگا، ئامانجی من ئەوەیە ماوەیەکی درێژ لە ئاستێکی بەرزدا یاری بکەم و لە داهاتوودا بگەمە ئاستی یاریزانە بەنێوبانگەکانی خولەکە."
سەرکەوتنی یاریزانە کوردەکەی رۆژئاوای کوردستان بۆ بوندێسلیگای خوار 19 ساڵان، لەکاتێکدایە لەسەر ئاستی پێشکەوتووان دێنیز ئونداڤ، کە خەڵکی روهای باکووری کوردستانە لەگەڵ یانەی شتوتگارت لە ئاستی پێشکەوتووندا یاریی دەکات و ئێستا هەوادارێکی زۆری هەیە.
چاوەڕواندەکرێت ساڵانی داهاتوو ژمارەیەکی دیکەی یاریزانی کوردی هاوشێوەی ئالان شانبەشانی ئونداڤ بەشداری لە رکابەرییەکانی بوندێسلیگادا بکەن.