مانچێستەر یونایتد دوورخستنەوەی رۆبن ئامۆریمی لە مەشقدانی یانەکە راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، دوورخستنەوەی رۆبن ئامۆریمی راهێنەری یانەکە لە پۆستەکەی راگەیاند.
مانچێستەر یونایتد ئاشکرایکردووە، بەڕێکەوتن لەگەڵ رۆبن ئامۆریمی راهێنەری یانەکە، بڕیاری دوورخستنەوەی لە پۆستەکەی دراوە.
پێشتر سەرچاوە میدیاییەکانی ئینگلتەرا ئاشکرایانکردبوو، پەیوەندی نێوان ئەو راهێنەرە پۆرتوگالییە و یانەکەی بەبنبەست گەیشتووە، بەتایبەت پاش زنجیرەیەک ئەنجامی خراپی تیپەکە لە پرێمەرلیگ.
مانچێستەر یونایتد لە ژێر سەرپەرشتی ئامۆریم لە دوایین یاریی خۆیدا لە پرێمەرلیگ، لەگەڵ لیدز یونایتد بە گۆڵێک یەکسانبوو.
یونایتد لە پلەی شەشەمی ریزبەندی پرێمەرلیگە بە 31 خاڵ.
وەک سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە، کارگێڕیی یونایتد لە دوایین لێدوانی ئامۆریم زۆر نیگەرانبوون، پاش قسەکانی ئەو لە دوای یەکسانبوونی تیپەکەی بەرامبەر لیدز.
ئامۆریم لە دوای یارییەکە، لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی بێمتمانەیی کارگێڕیی یانەکە بەرامبەری گوتی، "هاوڕێیان واز لەو جۆرە قسانە بهێنن، دەبینم ئێوە لەبارەی هەموو شتێکەوە زانیاریی بژاردە وەردەگرن. من هاتوومەتە ئێرە بۆ ئەوەی راهێنەری مانچێستەر یونایتد بم، نەک تەنیا راهێنەری تیپێک".
ئامۆریم هەروەها گوتبوی، "دەزانم ناوم توخێل نییە، کۆنتیش نیم و مۆرینیۆش نیم، بەڵام من بەڕێوەبەری هونەریی مانچێستەر یونایتدم. ئەم دۆخە لە 18 مانگی داهاتووشدا بەردەوام دەبێت، تاوەکو کارگێڕیی یانەکە بڕیاری گۆڕانکاری دەدات. من دەستلەکارناکێشمەوە، تاوەکو کەسێک دێتە جێگەکەم، لە کارەکەم بەردەوام دەبم".
ئەو هەروەها گوتبووی، "دەمەوێت تەنیا ئەوە بڵێم کە من بەرپرسی یەکەمی تیپەکە دەبم، نەک تەنیا راهێنەری مەشقەکان. من لەسەرەتاوە لەوەدا روون بووم، بۆ 18 مانگی داهاتووش هەمان شت راستە".
میدیای ئینگلتەرا ئاشکرایانکردووە، کارگێڕیی یانەکە بەیانیی ئەمڕۆ بڕیاری دوورخستنەوەی ئامۆریمیان لە مەشقدانی یانەکە داوە.