دهۆک بەبێ 5 یاریزان بەرامبەر ئەو یانەیە یارییدەکات کە لە یاریگەی خۆی نەدۆڕاوە
رووداو دیجیتاڵ
بە ئامانجی درێژەدان بە ئەنجامە باشەکانی لە خولی یانە نایابەکانی عێراقدا، یانەی دهۆک لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی کەربەلا یارییدەکات و یارییەکەش راستەوخۆ لە پەیجی رووداو سپۆرتس لە فەیسبووک دەگوازرێتەوە.
لە رکابەرییەکانی گەڕی پازدەی خولی عێراقدا، کاژێر 17:00 یانەی دهۆک لە دەرەوەی یاریگەی خۆی دەبێتە میوانی یانەی کەربەلا، دهۆک لە دوو یاریی رابردوودا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات، بەڵام لە یارییەکەی ئەمڕۆدا لە تواناکانی پێنج یاریزانی بێبەش دەبێت.
سلێمان رەمەزان، راهێنەری یانەی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت " تیپەکەم لە بارودۆخێکی زۆرباشدایە و دەمانەوێت رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی سێ خاڵی دیکە بکەین، سەرەڕای ئەوەی کە پێنج یاریزانی یانەکەمان بۆ یارییەکەی ئەمڕۆ ئامادەنین."
راهێنەری یانەی دهۆک دەڵێت " یانیک زاکیری، کە لە دوو یاریی رابردوودا گۆڵی بردنەوەی تۆمارکردووە، بەهۆی وەرگرتنی سێ کارتی زەردەوە لە یارییەکەی ئەمڕۆدا یاریی ناکات، کەریم دەلی نەخۆشە و لە دهۆک ماوەتەوە و لەگەڵ تیپەکە نەچووەتە کەربەلا، عەمار عەبدولحوسێنیش پێکانی هەیە و بۆ وەرگرتنی چارەسەر لە بەغدایە."
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە رێوان ئەمین و بەیار ئەبوبەکر، یاریزانانی نوێی یانەی دهۆک یارییدەکەن؟ سلێمان رەمەزان گوتی " کاتێک بەیار ئەبوبەکر پەیوەندیی بە یانەی دهۆکەوە کرد پێکانی هەبوو، بۆیە ناتوانێت لە یارییەکەی ئەمڕۆدا یاریی بکات، رێوان ئەمینیش هێشتا پەڕاوەکانی تۆمارکردنی لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق تەواو نەبوون، بۆیە ئەویش لە یارییەکەی ئەمڕۆدا یاریی ناکات."
یانەی دهۆک بەر لەم یارییە لە 14 یارییدا 24 خاڵی کۆکردووەتەوە و لە پلەی شەشەمی ریزبەندی خولەکەیە، یانەی کەربەلا لە پلەی سێزدەیەمە و 17 خاڵی کۆکردووەتەوە، بەڵام ئەوەی ئەرکی دهۆک زەحمەت دەکات ئەوەیە کە کەربەلا تاوەکو ئێستا لەم وەرزەدا هیچ یارییەکی لە یاریگەی خۆیدا نەدۆڕاندووە.