ڤیدیۆ؛ یاریگەکانی یاریی کردنەوە و کۆتایی مۆندیالی 2026 ئاشکراکران
رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا)، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە ستۆدیۆی تەلەڤزیۆنی مەیامی رایگەیاند، یاریی کۆتایی مۆندیالی 2026 لەسەر یاریگەی مێتلایف لە ئیست رەزەرفۆرد لە ویلایەتی نیوجێرسی ئەمریکا لە 19ـی تەمموزدا بەڕێوەدەچێت، لە کاتێکدا یاریی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکە لە 11ـی حوزەیران لەلایەن یاریگەی ئازتێکا لە مەکسیکۆ سیتی میوانداری دەکرێت.
هەڵبژاردەی ئەمەریکا لە 12ـی حوزەیران لەسەر یاریگای سۆفیا لە ویلایەتی کالیفۆرنیا یاریی یەکەمی لە پاڵەوانێتییەکەدا ئەنجام دەدات و دوای حەوت رۆژ لەسەر یاریگەی لومێن لە فیلادلفیا یاریی دووەمی دەکات. قۆناخەکە بە یاریکردنی سێیەمی لە 25ـی حوزەیران لەسەر یاریگەی سۆفی کۆتایی پێدێنێت.
یاریی دیاریکردنی پلەی سێیەمی مۆندیال لەسەر یاریگەی هارد رۆک لە شاری مەیامی گاردنز لە ویلایەتی فلۆریدا بەڕێوەدەچێت.
سەبارەت بە یاریگای ئەی تی ئەند تی لە شاری ئارلینگتۆنی ویلایەتی تێکساس، کە بەرپرسانی هیوایان خواستبوو میوانداری یاریی کۆتایی مۆندیال بکات، زۆرترین یاریی پاڵەوانێتییەکە لەوێ ئەنجام دەدرێن، چونکە میوانداری 9 یاری دەکات. بەرپرسان ئاماژەیان بەوە کردووە کە یەکێک لە یارییەکانی قۆناخی پێش کۆتایی لەو یاریگەیەدا دەکرێت، لە کاتێکدا یارییەکەی دیکەی قۆناخی پێشکۆتایی لەسەر یاریگەی مێرسیدس-بێنز لە ئەتلەنتا لە ویلایەتی جۆرجیا بەڕێوەدەچێت.
بەرپرسانی فیفا بەئاشکرا روونیان نەکردووەتەوە کە بۆچی ئەو یاریگایانەیان هەڵبژاردووە.
مۆندیال لە 2026ـەوە دەکرێتە پاڵەوانێتییەکی بەرفراوانتر و لەبری 32 هەڵبژاردە 48 هەڵبژاردە بەشداری تێدا دەکەن، هەروەها ژمارەی یارییەکانیش لە 64 یارییەوە بۆ 104 یاری زیاد دەکات.
مۆندیالی 2026 لەلایەن کەنەدا، ئەمریکا و مەکسیکەوە میوانداری دەکرێت، هاوکات بەرپرسانیش رایانگەیاندووە کە لە قۆناخی چارەکی کۆتاییەوە هەموو یارییەکان لە ئەمریکا ئەنجام دەدرێن.
کەنەدا رۆژی 12ـی حوزەیران لە تۆرۆنتۆ یاریی یەکەمی خۆی ئەنجام دەدات و دواتر دوو یاری لە ڤانکۆڤەر و بریتیش کۆڵۆمبیا ئەنجام دەدات.
یاریگاکانی دیکەی ئەمریکا کە میوانداری پاڵەوانێتییەکە دەکەن بریتین لە: یاریگەی جیلێت لە شاری فۆکسبۆرۆ لە ویلایەتی ماساشوستس. یاریگەی ئێن ئاڕ جی لە شاری هیوستن لە ویلایەتی تێکساس. یاریگەی ئارۆهێد لە شاری کانساس سیتی لە ویلایەتی میزۆری و یاریگەی لینکۆڵن فاینانشیاڵ فیڵد لە شاری فیلادلفیا و یاریگەی لیڤی لە شاری سانتا کلارا لە ویلایەتی کالیفۆرنیا.
هەروەها یارییەکانی هەڵبژاردەی مەکسیک لە یاریگەی بی بی ڤی ئەی لە مۆنتێری، یاریگەی ئاکرۆن لە گوادالاخارا و یاریگەی ئازتێکا لە مەکسیکۆ سیتی ئەنجام دەدرێن.