کریستیانۆ هەڕەشەیەکی تووند لە نەسڕ دەکات
رووداو دیجیتاڵ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، گەڕایەوە نێو مەشقەکانی یانەی نەسڕ، بەڵام ئەمە مانای ئاشتبوونەوە نییە و چەند سەرچاوەیەک دەڵێن، رۆناڵدۆ هەڕەشەی بەجێهێشتنی لە یانەکە کردووە.
دوای ئەوەی بەشداری لە یاریی نەسڕ بەرامبەر ریاز نەکرد و تووڕەیی ئەستێرە پۆرتوگالییەکە کاردانەوەیەکی زۆر گەورەی دروستکرد، بەڵام شەوی چوارشەممە یاریزانەکە گەڕایەوە نێو مەشقەکانی یانەکە و بەشداریی لە راهێنانەکانی یانەکە کرد.
یانەی نەسڕ تەنیا یەک وێنەی رۆناڵدۆی لەنێو مەشقەکاندا بڵاوکردەوە و ئەوەش کاردانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و قسەی جیاوازی لێکەوتەوە.
راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی دەڵێت "گەڕانەوەی رۆناڵدۆ بۆ نێو مەشقەکان بەس نییە بۆ ئەوەی دڵنیایی هەبێت لەبارەی بەشداریکردنی دۆن لە یاریی بەرامبەر ئیتیحاد، کە شەوی هەینی بەڕێوەدەچێت و هێشتا هیچ گەرەنتییەک بۆ بەشداریکردنی ئەو یاریزانە لە یارییەکەدا نییە."
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، بەرپرسانی سعودیە زۆر بە گرنگییەوە دەڕواننە تووڕەییەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، چونکە پێیانوایە هەڵوێستی ئەستێرە پۆرتوگالییەکە کاریگەریی لەسەر نێوبانگی خولەکە دەبێت، بەرپرسێکی یانەی نەسڕیش بە کریستیانۆ رۆناڵدۆ گوتووە، تۆ شتەکەت خستەڕوو و لە یاریی بەرامبەر ریازدا بەشدار نەبووی، بەڵام ئێمە یاریی ئیتیحادمان هەیە و دەمانەوێت بەشداری بکەیت."
برونۆ ئاندرادێ، رۆژنامەڤانێکی بەرازیلییە و گرنگییەکی زۆر بە خولی سعودی دەدات، ئەو دەڵێت "رۆناڵدۆ هەڕەشەی رۆیشتنی لە یانەی نەسڕ کردووە لە دوای هاوینی 2026، سەرەڕای ئەوەی گەڕاوەتەوە نێو مەشقەکانی یانەکە، بەڵام ئەمە مانای گەڕانەوە نییە و کریس دەستبەرداری داواکارییەکانی نابێت."
رۆناڵدۆ داوای لە نەسڕ کردووە ئازادی هەبێت لە مامەڵەکردن لە بازاڕی گواستنەوەدا، بەڵام ئەنجامنەدانی هیچ گرێبەستێک لە گواستنەوەی زستانەدا یاریزانەکەی بەتەواوی تووڕەکردووە، بەمەش هیچ گەرەنتییەک نییە بۆ مانەوەی رۆناڵدۆ لە یانە سعودییەکە و ئەگەری هەیە یاریزانەکە تەنیا مەشق بکات و دوای مۆندیالی 2026 لە یانەی نەسڕ بڕوات.
کریستیانۆ بڕگەیەک لە گرێبەستەکەیدا هەیە دەتوانێت بەرامبەر 50 ملیۆن یۆرۆ گرێبەستەکەی هەڵبوەشێنێتەوە، بەتایبەت کە بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە ئەورووپا و ئەمریکا دەستەوارە بۆ کریستیانۆ رۆناڵدۆ هەن.