دایکی ئێمباپێ، مووچەخۆری کوڕەکەیەتی و لە ژمارەیەک یاریزانی ریال مەدرید زیاتر پارە وەردەگرێت
رووداو دیجیتاڵ
فایزە عەماری، دایکی کیلیان ئێمباپێ، بووەتە کارمەندی کوڕەکەی و ساڵانە 4.5 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت، کە مووچەیەکی زیاترە لە ژمارەیەک یاریزانی ئێستای ریال مەدرید.
رۆژنامەی 'ئابۆلا' لە راپۆرتێکدا تیشکی خستووەتە سەر قازانجەکانی دایکی ئێمباپێ و دووپاتیکردووەتەوە ئەوەی ئەو خانمە لەکوڕەکەی وەردەگرێت وەک مووچە، لە مووچەی هەشت یاریزانی ئێستای یانەی ریال مەدرید زیاترە.
رۆژنامەکە دەڵێ، مووچەی فایزە کە ئێمباپێ دەیداتێ، لە مووچەی ساڵانەی هەریەکە لە ئاردا گولەر، براهیم دیاز، راول ئەسێنسیۆ، فرانکۆ ماستانتونۆ، گۆنزالۆ گارسیا، لونین، ئێندریک و فران گارسیا.
رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، ئێمباپێ 30 لەسەدی داهاتەکانی خۆی وەک مووچە دەدات بە دایکی.
فایزە تەنیا دایکی ئێمباپێ نییە بەتەنیا، بەڵکو ئەو بەڕێوەبەری کاروبارە کەسیی، پیشەیی و داراییەکانیەتی، بەڵام تێچووی بەڕێوەبردنی ئەو کارانە زۆر گرانە.
رۆژنامەکە دەڵێ، دانوستاندنی نێوان ئێمباپێ و دایکی بۆ رێکەوتن لەسەر بڕی مووچەی ساڵانە، دانوستاندنی زۆری ویستووە.
فایزە هیچ دوودڵ نەبووە لەوەی مووچەیەکی باش لە کوڕەکەی داوا بکات، بۆ ئەوەی کاروبارەکانی بۆ بەڕێوە ببات.
فایزە لە چاوپێکەوتنێکدا ئاشکرایکردووە، مشتومڕی زۆری لەگەڵ کیلیان کردووە لەبارەی پارەوە، داوای 50 لەسەدی سەرجەم داهاتەکانی کردووە، بەڵام وەکئەو دەڵێ، کیلیان پێیگوتم، "مەحاڵە شتی وا، من نیوەی مووچەی خۆم نادەم، چونکە ئەوە منم گۆڵ دەکەم لە یارییدا، تۆ بەس لە دەرەوەیت، چۆن پەنجا لەسەدی هەموو داهاتی خۆمت بدەمێ؟".
بەڵام فایزە سووربووە لەسەر داواکارییەکەی و بیری هێناوەتەوە ئەو بەشێكە لە تیمەکە و کاری بۆ دەکات، پێیگوتووە، "بەهات پێدەبەخشم، بەڵام پێکەوە هەموو پارەکە دابەشدەکەین".
فایزە دەڵێ، "لەکۆتاییدا ئەو مووچەکەی کردمە 30 لەسەد، منیش پێمگوت ئیدی کارت لەگەڵ ناکەم، دەڕۆم و پشتگیریت ناکەم، چونکە دووردەکەومەوە، دەچمە ماڵدیف و ئیدی لەوێ کاری سەربەخۆ دەکەم و دەژیم، بۆیە ئەو بەوە رازیبوو 30 لەسەدم بداتێ، بەو مەرجەی ئیدی دەستکاریی نەکات".
ئێمباپێ، ساڵانە لە ریال مەدرید، مووچەی 15 ملیۆن وەردەگرێت، بەبێ پارەی پاداشتی هەڵبژاردنی یارییکردن بۆ ریال مەدرید، بەوەش فایزە ساڵانە 4.5 ملیۆن یۆرۆی بێ باج وەردەگرێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، وەک رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، بەشی زۆری ئەو پارەیەی فایزە وەریدەگرێت، دەیدات بە دامەزراوەی کیلیان ئێمباپێی خێرخوازیی کە بایەخ بەهاوکاریکردنی منداڵانی بێسەرپەرشت دەدات.