ئێندریک، ریال مەدرید پەشیماندەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەی لەگەڵ یانەی لیۆن پێشکێشی دەکات، یانەی ریال مەدرید بڕیاریداوە هەرچی زووە ئێندریک بگەڕێنێتەوە نێو ریزەکانی تیپەکەی.
دوای ئەوەی بەشێوەی خواستن پەیوەندیی بە ریزەکانی یانەی لیۆنی فەرەنسییەوە کرد، ئێندریک، هێرشبەری بەرازیلی بە ئاستێکی بەرزەوە دەردەکەوێت و هەمووانی بە ئاستە بەرزەکەی سەرسامکردووە، ئەمەش وایکردووە کارگێڕیی ریال مەدرید هەر زوو بیر لە گەڕاندنەوەی یاریزانەکە بۆ تیپەکەی بکات.
بەپێی هەواڵی رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی، یانەی ریال مەدرید بڕیاری یەکلاکەرەوەیداوە و لە هاوینی داهاتوودا یاریزانەکە دەگەڕێنێتەوە یانەکەی و دەیەوێت ئەوە بکاتە یەکێک لە دیارترین گواستنەوەکانی."
ئێندریک لەو کاتەوەی پەیوەندیی بە لیۆنەوە کردووە 5 یاریی ئەنجامداوە، 5 گۆڵی تۆمارکردووە و گۆڵێکی دروستکردووە، ئەمە وایکردووە هەر زوو یاریزانەکە بە بنزیمای نوێ لە یانەکە ناوببەن، بەڵام ئەو دەڵێت "بنزیما یاریزانێکی زۆر گەورەیە، من زۆر دوورم لەوەی ئەو لێرە پێشکێشیکردووە."
ئێندریک تەمەنی 19 ساڵە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەشێوەی خواستن پەیوەندیی بە ریزەکانی یانەی لیۆنەوە کردووە، ماوەی خواستنەکەی لە 30-6-2026 کۆتایی دێت، ریال مەدرید نایەوێت ماوەی خواستنەکەی درێژ بکرێتەوە و یاریزانەکە دەگەڕێنێتەوە سانتیاگۆ بێرنابیۆ.