لێدوانێکی بوێرانەی ئەلڤارێز سەبارەت بە بارسێلۆنا
رووداو دیجیتاڵ
جولیان ئەلڤارێز، هێرشبەری ئاتلێتیکۆ مەدرید، بە لێدوانێکی بوێرانە دەربارەی یەکێک لە یاریزانانی بلاوگرانا، جارێکی دیکە مشتومڕەکانی سەبارەت بە ئەگەری گواستنەوەی بۆ ریزەکانی بارسێلۆنا نوێکردەوە.
ناوی ئەلڤارێز بەستراوەتەوە بە ریزەکانی بارسێلۆنا لە سەرەتای وەرزی داهاتووەوە، ئەمەش بۆ جێگرتنەوەی رۆیشتنی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی.
دۆسێیەی گواستنەوەی جولیان ئەلڤارێز بۆ ریزەکانی یانە کەتەلۆنییەکە چەند قۆناخێکی جیاوازی بڕی، بەتایبەتی لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاتی رۆیشتنی لیڤاندۆڤسکی، ئەمەش وای لە هێرشبەرە ئەرجەنتینییەکە کرد کە بە لێدوانێکی یەکلاکەرەوە هەوڵ بدات هزر بخاتە سەر تیپەکەی ئێستای.
ئەلڤارێز لە لێدوانەکانیدا کە پێشتر رۆژنامەی 'مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ'ـی ئیسپانی بڵاویکردبووەوە، گوتی "لە راستیدا، لە ئاتلێتیکۆ مەدرید هەست بە ئاسوودەییەکی زۆر دەکەم، ئەوان هەموو شتێکیان بۆ ئاسان کردووم، هەروەها هەبوونی چەندین هاوکاری ئەرجەنتینی لە رۆژانەدا زۆر هاوکاریم دەکات".
هەروەها دەڵێ "هەستم کرد کە لە ئاتلێتیکۆ مەدرید بۆشایی تایبەت بەخۆمم دەبێت، دەتوانم گەشە بکەم و بگەمە باشترین ئاستی خۆم، پێموایە وەک یاریزان و وەک کەسایەتییەکیش زۆر پێگەیشتووم، هەمیشە هەوڵی بەدەستهێنانی زیاتر دەدەم".
باس و خواستەکان دەربارەی گرێبەستە ئەگەرییەکە جارێکی دیکە نوێ بوونەوە، کاتێک ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە لێدوانێکی سەرنجڕاکێشی دا و تێیدا ستایشی هەردوو ئەستێرەی بارسێلۆنا، پێدری و لامین یامالی کرد.
جولیان ئەلڤارێز لە لێدوانێکیدا ستایشی پێدری، یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی بارسێلۆنای کرد و لە ریزی باشترین یاریزانانی جیهاندا پۆلێنی کرد.
جولیان ئەلڤارێز لە کاتی بەشداریکردنی لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا لەگەڵ یوتیوبەرێک، گوتی "پێدری بەیەکێک لە باشترین یاریزانانی جیهانی ئێستا دادەنێم".
لە هەڤپەیڤینەکەدا داوا لە ئەلڤارێز کرا باشترین پێکهاتەی گونجاو هەڵبژێرێت، ئەستێرەکەی ئاتلێتیکۆ مەدریدیش دوودڵ نەبوو لە هەڵبژاردنی پێدری راستەوخۆ دوای ئەوەی ئاڵای ئیسپانیا دەرکەوت و گوتی "یاریزانەکەی هێڵی ناوەڕاستی بارسێلۆنا لە ریزی دیارترین بەهرەمەندە جیهانییەکانی ئێستایە".
ئەلڤارێز روونیکردەوە "نەمتوانی لامین یامال لە هەمان پێکهاتەدا هەڵبژێرم، چونکە ئەو لە شوێنێکی هێرشبەریدا یاری دەکات کە پێشتر لیۆنێل مێسی، بۆ ئەو شوێنە هەڵبژاردبوو".
پێکهاتەی کۆتایی جولیان ئەلڤارێز ئەمانەی لەخۆگرتبوو: ئیملیانۆ مارتینێز وک گۆڵپارێز. لە هێڵی بەرگری؛ دومفریس، ڤێرجیل ڤان دایک، گابریێل و نونو میندێش، لە هێڵی ناوەڕاستیش هەریەک لە کایسێدۆ، پێدری و جود بێلینگهام، و لە هێڵی هێرشبەریشدا لیۆنێل مێسی، لاوتارۆ مارتینێز و لویس دیاز".
ئەمە دوای ئەوە دێت کە فێرناندۆ هیدالگۆ، بەڕێوەبەری کارەکانی جولیان ئەلڤارێز رایگەیاند "هەر یانەیەک ئارەزووی لە جولیان بێت، پێویستە پەیوەندی بە کارگێڕیی ئاتلێتیکۆ مەدریدەوە بکات، چونکە یاریزانەکە گرێبەستی لەگەڵ یانەکە هەیە و پابەندە پێوەی".
هیدالگۆ بۆ رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی جەختی لەوە کردەوە کە ئێستا کاتێکی گونجاو نییە بۆ باسکردنی ئەم جۆرە بابەتانە و هیچ پەیوەندییەکی لە بارسێلۆناوە پێنەگەیشتووە، کە ئەوانیش دەبێت لەگەڵ ئاتلێتیکۆ قسە بکەن، هەروەها گوتی "تاوەکو ئێستا چاوم بە دیکۆ یان هیچ کەسێکی بارسێلۆنا نەکەوتووە".