ئاتلتیک بلباو گەیشتە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا
یانەی ئاتلتیک بلباو خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا، دوای بردنەوەی یاریی گەڕانەوەی پێشکۆتایی پاڵەوانیەتییەکە لە یانەی ئیسپانیۆڵ بە ئەنجامی 2-0 گۆڵ.
درەنگانی شەوی رابردوو لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی جامی شای ئیسپانیا لە تۆپی پێ، یانەی ئاتلتیک بلباو بە ئەنجامی 2-0 گۆڵ لە یانەی ئیسپانیۆڵی بردەوە، لەو یارییەی کە لە یاریگەی ئیسپانیۆڵ لە کەتەلۆنیا بەڕێوەچوو.
یاریی چوون بە ئەنجامی 1-1 کۆتاییهاتبوو، بۆیە سەرکەوتنی بلباو لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە 2-0 گۆڵ وایکرد تیپەکە بلیتی یاریی کۆتایی بەدەست بهێنێت، دوای ئەوەی ئەنجامی کۆی هەردوو یاری بوو بە 3-1 بۆ بلباو.
گۆڵەکانی بلباو یاریزانان ئارتێز زۆبێلدا و خافێر ئیچیتا لە خولەکەکانی 13 و 42 دا تۆماریانکرد و تیپەکەیان گەیاندە یاریی کۆتایی، لەوێشدا رووبەڕووی بارسیلۆنا دەبنەوە.