کڵۆپ 5 مەرجی قورسی بۆ ریال مەدرید هەیە
رووداو دیجیتاڵ
یۆرگن کڵۆپ، راهێنەری ئەڵمانی 5 مەرجی قورس و یەکلاکەرەوەی هەیە بۆ وەرگرتنی ئەرکی راهێنەرایەتی یانەی ریال مەدرید لە هاوینی داهاتوودا و ئامادەنییە دەستبەرداری هیچ یەکێک لەو مەرجانە ببێت.
هەموو چاوەکان لەسەر پایتەختی ئیسپانیان بەهۆی ئەوەی لەگەڵ هاتنی مانگی ئادار و گەرمبوونی بازاڕی دەنگۆکان، ناوی یۆرگن کڵۆپ وەک بومەلەرزەیەک مێرێنگی هەژاندووە. کارگێڕیی ریال مەدرید، لەژێر گوشاری ئەنجامە شۆکهێنەرەکانی ئەلڤارۆ ئەربێلوادان، کە میراتێکی قورسی لە چابی ئەلۆنسۆوە بۆ مابووەوە، و ئێستا پەنا بۆ جادووگەرە ئەڵمانییەکە دەبات.
فلۆرێنتینۆ پێرێز، ئەو پیاوەی بەدوای هەموو نێچیرێکی گەورەوەیە، کڵۆپ وەک تاکە فریادڕەس دەبینێت بۆ ئەوەی شکۆ بۆ پڕۆژە وەرزشییەکەی مەدرید بگەڕێنێتەوە، بەڵام کڵۆپ، کە ئێستا لە لووتکەی دەسەڵاتی کارگێڕیی رێد بۆڵ دایە، بەبێ نەخشەڕێگایەکی روون و مەرجی قورس پێ ناخاتە ناو قەڵای سپی. ئەو دەیەوێت هەمان ئەو شۆڕشە لە مەدرید بەرپا بکات کە لە ئانفێڵد کردی.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی شاهانە، راهێنەرە ئەڵمانییەکە 5 مەرجی قورس و یەکلاکەرەوەی بۆ وەرگرتنی پۆستی راهێنەری ریال مەدرید هەیە و ئامادەش نییە دەستبەرداری هیچ یەکێکیان بێت. لێرەدا پێنج مەرجە بنەڕەتییەکەی یۆرگن کڵۆپ دەخەینەڕوو:
1 - دەسەڵاتی رەها لە بازاڕی گواستنەوەکاندا
کڵۆپ لەو راهێنەرانە نییە ببێتە 'بووکەشووشە' لەژێر دەستی کارگێڕیدا. ئەو مەرجی یەکەمی ئەوەیە کە کلیلی بازاڕی لای خۆی بێت. رەتیدەکاتەوە یاریزان تەنیا بۆ مەبەستی بازرگانی و فرۆشتنی درێس و ریکلام بکڕدرێت، وەک ئەوەی زۆرجار لە سیاسەتی گالاکتیکۆسدا بینراوە. بۆ کڵۆپ، یاریزان دەبێت پارچەیەکی تەواوکەری 'سیستمی گۆشاری بەرز' بێت، نەک تەنیا ناوێکی گەورە لەسەر شاشەکان.
2 - پاکتاوکردنی پاسەوانە کۆنەکان 'خوێنی نوێ بۆ جەستەیەکی ماندوو'
یۆرگن کڵۆپ باش دەزانێت کە تۆپی پێی مۆدێرن بە سۆز و یادی رابردوو بەڕێوە ناچێت. یەکێک لە مەرجە هەرە سەرەکییەکانی، دەستبەرداربوونە لەو ئەستێرانەی تەمەنیان هەڵکشاوە یان چیدی ئەو تینوێتییەی جارانیان بۆ نازناوەکان نەماوە. ئەو دەیەوێت مەدرید بکاتە مەیدانی راکردنی ئەسپە لاوەکان؛ ئەو یاریزانانەی ئامادەن 90 خولەک بەبێ وەستان رابکەن و جێبەجێکاری فەلسەفە کەی بن کە بریتییە لە خێرایی زۆر و زیندوویی بەردەوام و بڵاوبوونەوەی چڕ لە سەرانسەری یاریگەدا.
3 - بودجەیەکی کراوە بۆ هێڵی بەرگری 'بنیاتنانی دیوارێکی پۆڵایین'
مەدرید لەم وەرزەدا لەڕووی بەرگرییەوە وەک بێژینگ وابووە و بەئاسانی کون کراوە. کڵۆپ ئەمە قبوڵ ناکات. ئەو داوای بودجەیەکی خەیاڵی دەکات بۆ کڕینی بەرگریکاری خێرا، بەهێز و لێهاتوو کە بتوانن لەدواوە یارییەکە دروست بکەن. لای کڵۆپ هێرشبردن لە بەرگرییەکی تۆکمەوە دەستپێدەکات، هەر بۆیە نایەوێت بە هیچ گرێبەستێکی نیوەچڵ رازی بێت.
4 - سەربەخۆیی تەواو لە هەڵبژاردنی پێکهاتە 'یاسای یاریگا، نەک نێوبانگ'
لە ژووری جلگۆڕینی کڵۆپدا، هیچ یاریزانێک پارێزبەندی نییە. ئەو مەرجی وایە کە کارگێڕیی بۆی نەبێت دەستوەردان لە پێکهاتەی سەرەکی بکات یان گوشاری لێ بکات یاریزانێکی گرانبەها یاری پێ بکات تەنیا لەبەر ناوەکەی. ماندووبوون و خۆسەلماندن لە مەشقەکان تەنیا پێوەری کڵۆپە بۆ بەشداریکردن. ئەو دەیەوێت دادپەروەرییەک بچەسپێنێت کە هەموو یاریزانەکان ناچار بکات لە سەدا سەدی توانای خۆیان بدەن.
5 - هێنانە ناوەوەی سەربازە ئەڵمانییەکان 'ستافی دڵسۆزی خۆی'
کڵۆپ بەبێ 'سێبەرەکانی' نایەتە مەدرید. ئەو سوورە لەسەر ئەوەی تەواوی ستافە تەکنیکی و پزیشکی و دەروونییەکەی خۆی لەگەڵ بێت کە ساڵانێکی درێژە لەگەڵیدان. ئەو بڕوایەکی کوێرانەی بەو تیمە هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت لە کەمترین ماوەدا فەلسەفە ئاڵۆزەکەی خۆی تێبپەڕێنێت بۆ ناو مێشکی یاریزانانی ریال مەدرید.
ئایا پێرێز ئامادەیە کلیلەکانی قەڵای سپی بداتە دەست ئەم پیاوە یاخییە؟ یان مەرجە پۆڵاینییەکانی کڵۆپ دەبنە بەربەست لەبەردەم گەورەترین هاوسەرگیریی مێژوویی لە جیهانی تۆپی پێدا؟ مانگی ئادار وەڵامەکانمان پێ دەڵێت.