فلیک ئەستێرەیەکی بارسێلۆنا بەتووندی سزا دەدات
رووداو دیجیتاڵ
هانزی فلیک، راهێنەری ئەڵمانیی یانەی بارسێلۆنا بەهۆی ئاستی خراپی لە یاریی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید، یاریزانێکی خۆی بەتووندی سزا دەدات.
دوای ئەو جەنگە تاکتیکییەی لەنێوان بارسێلۆنا و ئاتلێتیکۆ مەدرید بەڕێوەچوو، پەردە لەسەر راستییەکی تاڵ لادرا کە لەوانەیە نەخشەی هێڵی هێرشبەری بلاوگرانا بگۆڕێت.
هانزی فلیک، راهێنەرە ئەڵمانییە وردبینەکە، گەیشتە ئەو باوەڕەی کە فێران تۆرێس ئەو پیاوە نییە بتوانێت ئەرکی هێرشبەری سەرەکی بارسا لەئەستۆ بگرێت، ئەگەر یانە کەتەلۆنییەکە بیەوێت لەسەر لووتکەی نازناوە ناوخۆیی و ئەوروپییەکان جێگەی خۆی بکاتەوە.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی نزیک لە بارسێلۆنا، فلیک ئامادەیە بە نەبوونی لیڤاندۆڤسکیش یاری بە تۆرێس نەکات، واتا تەنانەت ئەگەر هیچ جێگرەوەیەکی لە هێڵی هێرشبردن بۆ هێرشبەری سەرەڕم نەبێت ناچار نییە یاری بە تۆرێس بکات. تەنانەت ئەو سەرچاوانە باس لەوە دەکەن کە فلیک دوای یارییەکە لە تۆرێس تووڕە بووە و پێیگوتووە لەسەر ئەو ئاستەی بەتووندی سزا دەدات.
شرۆڤە تەکنیکییەکانی دوای یارییەکە، برینێکی کۆنی بارسێلۆنیان کوڵاندەوە؛ دروستکردنی هەلێکی زۆر و نەبوونی قەنناسێک بۆ گۆڕینیان بۆ گۆڵ. فلیک ئەمەی وەک 'کەلێنێکی کوشندە' وەسف کردووە، بەتایبەت لەو وێستگە یەکلایکەرەوانەی کە بەرامبەر تیپە گەورەکانی وەک رۆخی بلانکۆس ئەنجام دەدرێن.
ستافی تەکنیکی پێیانوایە تۆرێس خاوەن خێراییەکی باش و توانایەکی بەرزی گوشارکردنە، بەڵام ئەم سیفەتانە نابنە قەرەبوو بۆ ئەو نەزۆکیەی کە لەبەردەم گۆڵدا هەیەتی. فێران لە چاوی فلیکدا ئێستا تەنیا 'سەربازێکی یەدەگ'ـە بۆ پشوودان بە یاریزانانی دیکە، نەک ئەو ڕمە تیژەی کە پڕۆژە هێرشبەرییەکەی یانەکەی لەسەر بونیاد بنرێت.
گەڕان بەدوای نێچیرێکی راستەقینەدا
ئەم دەرەنجامە کارگێڕیی بارسێلۆنای خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە؛ پێویستییەکی مێژوویی هەیە بۆ هێنانی سەرە رمێکی خاوەن جەستەیەکی پۆڵاین و هەستێکی بکوژ لەناو ناوچەی سزای رکابەرەکاندا، بەڵام لێرەدا 'مۆتەکەی دارایی' دەردەکەوێتەوە؛ یانەکە لەڕووی ئابوورییەوە دەستبەستراوە و ناتوانێت بەبێ پلانێکی وردی دارایی، راوچییەکی گەورەی ئەورووپا پەلکێشی کامپ نو بکات.
ئێستا تۆرێس هەر لە خولگەی یارییەکاندا دەمێنێتەوە، نەک لەبەرئەوەی متامنەی تەواوی فلیکی بەدەستهێناوە، بەڵکو لەبەرئەوەی ناچاریی و نەبوونی جێگرەوەی بەهێز، راهێنەرە ئەڵمانییەکەی بێدەنگ کردووە، بەڵام پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە: ئاخۆ بارسێلۆنا تاوەکو کەی دەتوانێت بە هێرشبەرێکەوە بڕوات کە لە کاتی یەکلایکەرەوەدا دەست و پێی دەلەرزێت؟!.