مۆندیالی 2026 لەبەردەم مەترسیی دواخستندایە
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی پەرەسەندنی ئاڵۆزییە سەربازییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەگەری دواخستنی مۆندیالی 2026 تاوتوێ دەکرێت. پسپۆرێکی وەرزشی ئاشکرای دەکات تەنیا یەک مەرج دەبێتە هۆی پەکخستنی پاڵەوانێتییەکە، ئەویش گواستنەوەی هێرشەکانە بۆ ئەورووپا و ئەمریکای باکوور.
تەنیا 98 رۆژ بۆ دەستپێکردنی مۆندیالی 2026 ماوە، بڕیارە یەکەم یاریی لە نێوان مەکسیک و ئەفریقای باشوور لە مەکسیکۆ سیتی ئەنجام بدرێت. ئەم خولە بە بەشداری 48 تیپ و ئەنجامدانی 104 یاری بەڕێوەدەچێت. وڵاتی ئەمریکا پشکی شێری بەرکەوتووە و 78 یاری میوانداری دەکات، لە نێویاندا یاریی کۆتایی، لە کاتێکدا مەکسیک و کەنەدا هەرکەمیان 13 یاری لەسەر خاکەکەیان ئەنجام دەدرێت.
شەممەی رابردوو، ئەمریکا و ئیسرائیل، دەستپێکردنی هێرشی سەربازییان بۆ سەر ئێران راگەیاند، پاشئەوەی دانوستاندنی نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ رێکەوتن لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی و پڕۆگرامی مووشەکیی ئەو وڵاتە، بەبێئەنجام کۆتاییهات.
دوای هێرشە هاوبەشەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ـی مانگی 2ـی 2026، گومان لەسەر بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتییەکە دروستبووە. میدیاکان ئاماژە بەوە دەکەن رەنگە ئێران لە مۆندیال بکشێتەوە. سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران رایگەیاندووە "دوای ئەم هێرشانە، ناتوانرێت چاوەڕێی مۆندیال بین".
ئێران لە کۆمەڵەیەکدا یاری دەکات هاوشانی نیوزیلاند، بەلجیکا و میسر، بڕیارە هەموو یارییەکانی لەناو خاکی ئەمریکا بێت. ئەمەش نیگەرانییەکی زۆری دروستکردووە، بەتایبەت کە ئێستا ئێرانییەکان گەشتیان بۆ ئەمریکا لێ قەدەخە کراوە.
سایمن چادۆیک، پسپۆری وەرزشی و راوێژکاری پێشووی رێکخەرانی مۆندیالی 2022، سەبارەت بەئەگەری دواخستنی مۆندیال دەڵێت "دواخستنی مۆندیال بۆ ساڵی داهاتوو کارێکی زۆر سەختە لەڕووی ئابووری و سیاسییەوە. تاوەکو شەڕەکە تەنیا لەناو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت، فیفا ناتوانێت مۆندیال دوابخات".
ئەم پسپۆرە مەرجێکی سەرەکی بۆ دواخستنەکە دادەنێت و دەڵێت "ئەگەر هێرشەکان بپەڕنەوە بۆ ئەورووپا و ئەمریکای باکوور، یان گەشتە ئاسمانییەکان پەکبکەون و بازاڕی نەوت تێکبچێت، ئەوکاتە فیفا و ئەمریکا ناچار دەبن بیر لە دواخستن بکەنەوە".
هەروەها باس لەوە دەکرێت دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دژی هەر بڕیارێکی لەو شێوەیە دەوەستێتەوە، چونکە بە شکستی دەسەڵاتەکەی دەبینێت. جیانی ئینفانتینۆ سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی 'فیفا' دووپاتی کردووەتەوە دەیانەوێت مۆندیالێکی ئارام بەڕێوەبچێت و دووربێت لە کێشە.