لێبڕینی مووچە و دەرکردنی پێنج یاریزان، ئەو کێشانەی لە مەشقەکانی هەولێردا تەقینەوە

رووداو دیجیتال 

راهێنەری یانەی هەولێر، پێنج یاریزانی تیپەکەی سزاداوە، پاشئەوەی ژمارەیەک لەوان لە بڕینی بەشێک لە مووچەکانیان ناڕازی بوون و ئاکۆ عوزێریش لە مەشقەکان دواکەوت. 
 
یانەی هەولێر ئەمڕۆ پێنجشەممە، گەشتی شاری بەغدای کرد و بڕیارە رۆژی دواتر بچێتە روومادی، بۆ رووبەڕووبوونەوەی یانەی گەرمە لە گەڕی 21ی خولی ئەستێرەکانی عێراق. ئەو پێنج یاریزانەی لەلایەن راهێنەری یانەکەوە سزادراون، رێگەیان پێنەدراوە لەگەڵ تیپەکە گەشت بکەن.
 
'رووداو سپۆرتس' زانیویەتی، سەرەتای کێشەکانی نێو تیپەکە، ئەوکاتە سەریهەڵداوە کە یاریزانانی یانەکە، بەهۆی وەرنەگرتنی مووچەی دوومانگەوە، بایکۆتی مەشقەکانیان کردووە و دوو رۆژ مەشقیان نەکردووە، دواتر کاتێک کارگێڕیی یانەکە مووچەی یەک مانگی بەیاریزانانداوە، کێشەکان تەقیونەتەوە.
 
دوو رۆژ بایکۆت
 
هەولێر، بڕیاربوو رۆژی یەکی مانگ، لە نێو یاریگەی خۆی میوانداریی دیالە بکات، بەڵام کارگێڕیی یانەکە، بەبیانووی ناسەقامگیریی دۆخی سیاسی و سەربازیی لە ناوچەکە، بەفەرمی داوای لە یەکێتیی تۆپی پێی عێراق کرد، یارییەکە بۆ کاتێکی نادیار دوابخات.
 
یانەی هەولێر، رۆژێک پێش کاتی ئەنجامدانی یارییەکە بەرامبەر دیالە، لە هەواڵێکی بەپەلەدا لەسەر فەیسبووکی یانەکە رایگەیاند، "بەلەبەرچاوگرتنی باری نائاسایی ناوچەکە بەگشتی و هەولێر بەتایبەتی و لەبەر پاراستنی گیانی هاندەران و بەبڕیاری لیژنەی ئەمنیی لە یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، یارییەکەی یانەکەمان بەرامبەر دیالە لە گەڕی 20ی خولی ئەستێرەکانی عێراق، بۆ کاتێکی نادیار دواخرا".
 
هەولێر لە هەمان پلاتفۆرمی خۆیەوە، دوای چەند کاژێرێک لەو هەواڵە بەپەلەیە، سوپاسنامەیەکی بەناوی سەفین یاسین، سەرۆکی یانەکەوە ئاراستەی عەدنان درجال، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق کرد و ئاشکرایکرد، سەرۆکی یانەکە بەنووسراوی فەرمی داوای دواخستنی یارییەکەی کردووە و سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراقیش، وەڵامی داواکارییەکەی داوەتەوە و رازیبووە لەسەر دواخستنی یارییەکە. هەربۆیە سەرۆکی یانەی هەولێر سوپاسی کردووە.
 
دوای دواخستنی یارییەکەی دیالە، یاریزانانی یانەی هەولێر، رۆژانی یەک و دووی مانگ، بایکۆتی مەشقەکانیان کرد و وەک ناڕەزایەتیی بەرامبەر وەرنەگرتنی مووچەکانیان، نەچوونە مەشقی تیپەکە. رۆژی سێی مانگ، لە گرووپی واتسئاپی یاریزانانی یانەکەوە، سەرهەنگ موحسین، کاپتنی تیپەکە، بەنامەیەک هەمووانی ئاگادارکردەوە کە هەمان رۆژ بێنە بارەگای یانەکە، "بۆ وەرگرتنی مووچە، مەشقەکان دەستپێدەکەینەوە".
 
ئەو لێبڕینەی دۆخەکەی تەقاندەوە
 
دوای چوونی یاریزانانی یانەکە بۆ بارەگای یانەی هەولێر و روونتر بۆ ژووری دارایی، دەرکەوتووە کارگێڕیی یانەکە بڕی 20 لەسەدی مووچەی سەرجەم یاریزانانی تیپەکەی بڕیوە، کاتێک یاریزانەکان لە هۆکاری بڕینی مووچەکانیان پرسیوەتەوە، لەلایەن یانەکەوە پێیان راگەیێنراوە کە "مووچەبڕینەکە بەهۆی شکستی تیپەکە بووە بەرامبەر یانەکانی زەورا و تەڵەبە".
 
ئەو پەیامەی کارگێڕیی یانەکە، هەندێک لە یاریزانەکانی تووڕەکردووە، بەناڕەزایەتییەوە ژوورەکەیان بەجێهێشتووە و کاتێک هەواڵی نیگەرانییەکە گەیشتووەتەوە باسم قاسمی راهێنەری یانەکە و سەفین یاسینی سەرۆک، کۆبوونەوەیەک لە نێو چیمەنی یاریگەی یانەکەدا ئەنجامدراوە.
 
بەدواداچوونی 'رووداو سپۆرتس' دەریخستووە، لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی یانەی هەولێر بۆ یاریزانەکانی دووپاتکردووەتەوە کە لێبڕینەکە بەهۆی ئاستی خراپی تیپەکە بووە لەو دوویارییەدا کە هەولێر بەرامبەر زەورا بە ئەنجامێکی گۆڵێکی بێبەرامبەر (لە گەڕی 13) دۆڕاندی و دواتر لە گەڕی دواتردا لە نێو یاریگەی خۆی، 0 - 2 گۆڵ بە تەڵەبە دۆڕا.
 
یانەی هەولێر لە پۆستێکی فەیسبووکی یانەکە رۆژی سێی مانگ، رایگەیاند سەرۆکی یانەکە لەکاتی مەشق و ئامادەکارییەکان، ستافی راهێنەران و یاریزانەکانی بەسەرکردەوە و لە نزیکەوە گوێبیستی پێداویستی و داواکارییەکانیان بوو. یانەی هەولێر دەڵێ، "سەرۆکی یانەکەمان بەڵێنیدا بەهەموو شێوەیەک پاڵپشت و پشتیوانیی لە تیپەکە بکەن، بۆ ئەوەی بتوانن لەم وەرزەدا ئەنجامێکی شایستە بۆ هەولێر بەدەست بهێنن".
 
تاوەکو شکستەکەی زەورا، هەولێر لە وەرزی ئەمساڵی خولەکەدا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندبوو، هەربۆیە ئەو شکستە زنجیرەی دوو شکست و یەکسانبوونێکی بەدواداهات، بەرلەوەی یانەکە لە گەڕی 17 بە 3 - 1 گۆڵ لە نەفت بباتەوە. بەڵام ئەو زنجیرەی ئەنجامە خراپەکان، هەولێریان لە پێشەنگی ریزبەندییەکە هێنایە خوارەوە.
 
لە کۆبوونەوەی سەرۆکی یانەکە و یاریزانەکانی هەولێردا، بەپێی بەدواداچوونی 'رووداو سپۆرتس' هەریەکە لە مستەفا قابیل، هومام تاریق، زولفەقار یونس و ئەرکان ئەمیر، ناڕەزایەتییان بەرامبەر لێبڕینی 20 لەسەدی مووچەکانیان بۆ سەرۆکی یانەکە دووپاتکردەوە.
 
سەفین یاسین بەیاریزانەکانی گوتووە، ئامادەیە مووچەبڕاوەکانیان بۆ بگێڕێتەوە، بەو مەرجەی لە گەرمە ببەنەوە لە گەڕی داهاتوودا، بەڵام ئەوە ناڕەزایەتیی ئەو چوار یاریزانەی کۆتایی پێنەهێناوە، چونکە ئەوان وەکئەوەی لە کۆبوونەوەکەوە گواستراوەتەوە، "بەهەقی خۆیان زانیوە مووچەی تەواوەتی وەربگرن، لە کاتێکدا تیپەکە لە پلەی سێیەمی ریزبەندیی خولەکەیە".
 
مشتومڕی نێوان سەرۆکی یانە و راهێنەری یانەکە لەلایەک و یاریزانە ناڕازییەکان نەگەیشتووەتە ئەنجام. باسم قاسم گوشاری لە یاریزانەکانی کردووە بۆ ئەوەی مووچەبڕینەکە قبووڵ بکەن، بەڵام یاریزانەکان هەر سووربوون لەسەرئەوەی پێویستە تەواوی مووچەکەیان وەربگرن.
 
سووربوونی هەردوولا لەسەر بۆچوونەکانیان، سەریکێشاوە بۆ ئەوەی باسم قاسم بەتووندی بەو چەند یاریزانەی گوتووە، "ئەوەی رازییە بەدۆخەکە با رازی بێت و ئەوەی رازی نییە با مەشقەکان بەجێبهێڵێت". دوای ئەو قسانە، هەریەکە لە مستەفا قابیل، هومام تاریق، زولفەقار یونس و ئەرکان ئەمیر مەشقەکانیان بەجێهێشتووە و لە یانەکە چوونەتە دەرەوە، لە کاتێکدا یاریزانەکانی دیکە دەستیان بە مەشقکردووەتەوە.
 
هومام تاریق، دوای ئەو رووداوانە دەستبەجێ هەولێری بەجێهێشتووە و گەڕاوەتەوە شاری بەغدا بۆ لای خێزانەکەی کە نیشتەجێی ئەو شارەن.
 
یەکێک لە یاریزانە سزادراوەکان کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت، بە 'رووداو سپۆرتس' ی راگەیاند "داوای مافی خۆمان کرد و قسەی ئاسایی بوو، نازانم بۆ بگاتە ئاستی ئەوەی سزا بدرێین". 
 
کێشەیەکی نوێتر
 
رۆژی دواتر، واتە چواری مانگ، ئەو یاریزانانەی رۆژی پێشتر مەشقیان کردبوو، کاژێر 13:30 دەستیان بەمەشقکردەوە، بەڵام کێشەیەکی نوێ لە تیپەکەدا سەریهەڵدا.
 
ئاکۆ عوزێر کە رۆژی پێشتر بێ کێشە بەشداریی لە مەشقەکاندا کردووە، لە مەشقەکانی چوارشەممە بۆ ماوەی 15 خولەک دواکەوتووە و ئەوەش باسم قاسمی راهێنەری تووڕەکردووە و بەهۆیەوە ئەو یاریزانەی لە مەشقەکان دوورخستووەتەوە.
 
بەپێی بەدواداچوونی 'رووداو سپۆرتس' بۆ رووداوەکانی ئەو رۆژە، کاتێک ئاکۆ عوزێر گەیشتووەتە مەشقەکان، یاریزانە ئامادەکان سەرقاڵی خۆگەرمکردن بوون، باسم قاسم وەک خوی هەمیشەیی هەر لە نێو چیمەنی یاریگاکە، بەچواردەوری یاریگەکەدا پیاسەی کردووە، بۆیە کاتێک ئاکۆ دەچێتە لای باسم قاسم و روونکردنەوەی پێدەدات لەسەر هۆکاری دواکەوتنەکەی، دەستبەجێش داوای لێبوردن دەکات، بەڵام باسم قاسم لێبوردن رەتدەکاتەوە.
 
بۆ جاری دووەم، ئەو یاریزانە هەمان داوای لە راهێنەرەکەی کردووەتەوە، بەڵام ئەمجارەش رەتیکردووەتەوە.. پاش ماوەیەک لە بێدەنگیی نێوان ئەو دوو پیاوە لەسەر چیمەنی یاریگەی هەولێر، ئاکۆ جارێکی دیکە بۆ راهێنەرەکەی روونکردووەتەوە کە دانیپێدادەنێت هەڵەی کردووە و داوای لێبوردن دەکات، بەڵام وادیارە باسم قاسم سووربووە لەسەر هەڵوێستەکەی خۆی، هەربۆیە ئاکۆ بەبێئومێدییەوە جانتای جلوبەرگەکانی دەستداوەتێ و یاریگەی فرانسۆ هەریری بەجێهێشتووە.
 
باسم قاسم لەسەر هەڵوێستی خۆی سوورە، هەربۆیە لە گەشتی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆی یانەی هەولێر بەرەو بەغدا، هیچکام لەو یاریزانانەی دوورخراونەتەوە لەگەڵ تیپەکە گەشتیان نەکردووە. دوایین هەڵوێستی راهێنەری هەولێر بەرامبەر یاریزانەکانی، یەک قسە بووە، "تاوەکو دوای یارییەکەی گەرمە، پێویستم بەو یاریزانانە نییە".