"یەکەمجاربوو مووشەک ببینم" چیرۆکی رزگاربوونی حەدادی لە ئێران

 

رووداو دیجیتاڵ

مونیر حەدادی، یاریزانی مەغریبیی یانەی ئیستیقلانی ئێرانی، دوای گەشتێکی پڕ لە مەترسی لە ئێران رزگاریبووە و گەیشتووەتە ئیسپانیا و چیرۆکەکەی هاوشێوەی فیلمێکی ئەکشنە.
 
حەدادی یاریزانی یانەی ئیستیقلالە، دوای ئەوەی لەلایەن ئیسرائیل و ئێرانەوە هێرشکرایە سەر ئێران و ئاسمان بە رووی گەشتکردندا داخرا، سەرنجی زۆر چووە سەر ئەو یاریزانە و میدیای ئیسپانیا بە گرنگییەوە باسی گیرخواردنی ئەو یاریزانەیان دەکرد لە ئێران و تاوەکو رزگاریبوو بووە بابەتێکی گەرم.
 
مونیر حەدادی لە تاران گیری خواردبوو، هەرچەند زۆر نزیکبووە لەوەی بە فڕۆکە لە وڵاتەکە بچێتە دەرەوە، بەڵام لە دوایین خولەکاندا گەشتەکەیان هەڵوەشێنراوەتەوە و بە ناچاری بە رێگەی وشکانیدا گەشتی کردووە.
 
یاریزانەکە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رادیۆی کادێنا سێری ئیسپانی باسی چیرۆکەکەی لە ئێران دەکات و دەڵێت "خەریک بوو بفڕین، بەڵام کارمەندێکی فڕۆکەوان پێیگوتین دەبێت لە فڕۆکەکە دابەزین، چونکە گەشتەکان راگیراون، دوای ماوەیەکی کەم هاوڕێیەکم نامەیەکی بۆ ناردم و پێیگوتم کە ئێران ئێستا رووبەڕووی هێرش بووەتەوە."
 
یاریزانەکە زیاتر گوتی "هەستم بە ترس و دڵەڕاوکێ کرد بەهۆی خێزانەکەمەوە، بەتایبەت کە هیچ پەیوەندییەکم لەگەڵیان نەبوو، بەڵام نامەم بۆ ناردن و دڵنیام کردنەوە کە هەموو شتێک باشە."
 
حەدادی باسی لە هەستی خۆی لەو ساتانەدا دەکات و دەڵێت "مووشەکەکانمان بینی، دیمەنێکی ترسناک بوو. ئەمە یەکەمجار بوو لە ژیانمدا بکەومە دۆخێکی لەو شێوەیەدا، بەڵام ئێستا ئەو دڵەراوێکییەم نەماوە، من باشم و لێرەم."
 
مونیر لەبارەی ئەگەری گەڕانەوەی بۆ ئێران دەڵێت "تاوەکو ئێستا هیچ دەربارەی ئەگەری گەڕانەوەی بۆ ئێران نازانێت و تەنیا کەسێک کە بتوانن پەیوەندی پێوە بکەن بەرپرسی ئەمنیی یانەکەیە، ئەوان دوو مانگ لەومەبەر دەستیان بە ئامادەکاری کردبوو بۆ هەر رووداوێکی نەخوازراو."
 
لەلایەکی دیکەوە، رۆژنامەی "مارکا"ی ئیسپانی ئاشکرای کرد کە حەدادی ناچار بووە بۆ ماوەی 16 کاژێر بە وشکانی بەرەو تورکیا بڕوات دوای ئەوەی گەشتکردن لە رێگەی ئاسمانی ئێرانەوە داخرا.
 
رۆژنامەکە لە زاری نزیکەکانی یاریزانەکەوە زانیارییەکەی گواستووەتەوە و نووسیوویەتی " دەرچوونی مونیر حەدادی لە ئێران وەکو فیلمێکی سینەمایی وابووە، بەتایبەت کە ئەو لە ناو فڕۆکەکەدا بووە پێش ئەوەی لە دوایین ساتەکانی بەر لە فڕیندا فەرمانی هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکە بدرێت."
 
دوای ئەوەی بە رێگەی وشکانیدا خۆی گەیاندە تورکیا و لەوێشەوە گەڕایەوە ئیسپانیا، هەر لەگەڵ گەیشتنی بۆ تورکیا، یاریزانەکە پەیامێکی بڵاوکردەوە و گوتی "دەمەوێت سوپاسی هەمووان بکەم بۆ ئەو نامانەی بۆیان ناردووم و بۆ خەمخۆریتان لەبارەی دۆخی منەوە لە ئێران. مەبەستم بوو لە رێگەی ئاسمانەوە وڵات جێبهێڵم، بەڵام لە کۆتاییدا لە فڕۆکەکە هێنراینە خوارەوە و نەمانتوانی بفڕین."
 
یاریزانەکە زیاتر گوتی "یانەکە ئۆتۆمبێلێکی بۆ دابین کردم تاوەکو بتوانم بە وشکانی وڵات جێبهێڵم، بەهۆی ئەوەوە توانیم بێ هیچ کێشەیەک لە سنوور بپەڕمەوە. ئێستا لە ناو تورکیا پارێزراوم و لە چەند کاژێری داهاتوودا دەگەمەوە ئیسپانیا. سوپاس بۆ هەمووتان."
 
مونیر حەدادی، پێشتر یاریزانی یانەی بارسێلۆنا بووە و یەکێک لە دەرچووانی ئەکادیمیای لاماسیایە، یاریزانەکە لە ڤالێنسیا، لاس پاڵماس و سێڤییا یارییکردووە، لە 2025 بۆ پەیوەندیکردن بە یانەی ئیستقلالەوە چووە خولی ئێرانی و لە یانەکەیدا 4 گۆڵ و 5 ئاسیستی لە 29 یارییدا تۆمارکردووە.