ئۆزبەکستان دەیەوێت یاریزانەکانی لە ئاگرەکەی ئێران دەربهێنێت


رووداو دیجیتاڵ

بەشێکی یاریزانانی ئۆزبەکستان لە ئێران یاریی دەکەن و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەو وڵاتەش لەسەر دۆخی یاریزانەکانی لەو وڵاتە هاتە دەنگ.
 
بەهۆی شەڕ و جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، یارییەکانی خولی ئێران راگیراون و بەشێکی زۆری یاریزانە پیشەگەرەکانیش ئەو وڵاتەیان بەجێهێشتووە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئۆزبەکستانیش ئاسانکاری بۆ یاریزانەکانی دەکات بۆ ئەوەی لە یارییکردن دانەبڕێن.
 
دیۆر ئیمامخۆجایێڤ، سەرۆکی دەستەی پیشەگەری لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئۆزبەکستان رایگەیاند، ئەگەری هەیە رێگە بەو یاریزانە ئۆزبەکستانیانە بدرێت پەیوەندی بە یانەیەکی خولی ناوخۆوە بکەن، کە لە ئێران یاریی دەکەن، ئەمەش لە کاتێکدا دەبێت کە فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان (فیفا) رێگەیان پێبدات ئەو کارە بکەن، لەکاتێکدا پێشتر فیفا رێگەی بە رووسیا و ئۆکرایناش دابوو یاریزانەکانیان بتوانن پەیوەندی بە یانەی وڵاتەکانیانەوە بکەن.
 
ئیمامخۆجایێڤ لەلێدوانێکدا دەڵێت "ئەگەر فیفا رازی ببێت یاریزانەکان بە تاکلایەنانە گرێبەستەکانیان هەڵبوەشێننەوە و بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان، ئۆزبەکستان ئامادەیە لە دەرەوەی وادەی گواستنەوەی یاریزانان مافیان پێدەدات پەیوەندی بە یانەیەکی دیکەوە بکەن و ئێمە ئامادەین ئەم هەنگاوە جێبەجێ بکەین."
 
ئێستا پێنج یاریزانی ئۆزبەکستانی لە خولی ئێران یاریی دەکەن، ئەوانیش پێکهاتوون لە جەلالەدین ماشاریپۆڤ و رۆستەم ئاشورماتۆڤ لە یانەی ئیستقلال، ئۆستۆن ئۆرۆنۆڤ و ئیگۆ سێرگیێڤ لە یانەی پێرسپۆلیس، ئۆدیل خامربێکۆڤ، لە یانەی تراکتۆر.
 
ئەم هەنگاوە لەکاتێکدایە ناوچەکە بە گرژییەکی زۆردا تێدا تێدەپەڕێت و بەهۆی جەنگەوە زۆرینەی خولی وڵاتانی ناوچەکە دواخراون.