مارکۆ رۆیس: زۆر سوودم لە کۆرۆنا وەرگرتووە
رووداو - هەولێر
مارکۆ رۆیس، کاپتنی یانەی بۆرووسیا دۆرتمووندی ئەڵمانی، دانی بەوەدا نە کە سوودی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا وەرگرتووە، کە بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە تۆپی پێ و هەموو چالاکییە وەرزشییەکان راگیراون.
رۆیس بەهۆی پێکان نەیتوانی بەشداری لە دوایین یاری یانەکەیدا بکات، کە لە شوباتی رابردوودا بەرامبەر ڤێردێربرێمەن ئەنجامیدا، بەڵام مەترسی ئەوەی لەسەربوو کە بۆ ماوەیەکی درێژ نەتوانێت بگەڕێتەوە نێو یاریگەکان.
رۆیس بە چاوپۆشین لەو زیانە دارایی و وەرزشیانەیەی بەهۆی کۆرۆناوە بە خۆی و یانەکەی دەگەن، گوتی "قەیرانی کۆرۆنا سوودێکی زۆری بۆ من هەبوو".
کاپتنی بۆرووسیا دۆرتمووند، قسەکانی خۆی زیاتر روونکردەوەو گوتی "ئەو وەستانە یارمەتی دام بەشێوەیەکی باشتر و خێراتر لە پێکانەکەم چاکببمەوە، هەروەها بەهۆیەوە بەرنامەیەکی زۆر باشم بۆ گەڕاندنەوەی توانای جەستەییم داناوە".
یاریزانی تەمەن 30 ساڵان، رەتیشیکردەوە بەهۆی کەرەنتینە و مانەوە لە ماڵەوە، هەست بە بێزاری بکات و گوتی "یەکێک منداڵێکی تەمەن یەک ساڵانی هەبێت، چۆن هەست بە بێزاری دەکات". ئەو هەروەها هیواشی خواست بەم نزیکانە بگەڕێتەوە نێو یاریگەکان و دەست بە مەشق و یارییەکان بکاتەوە.