کلاسیکۆی یەکلاکەرەوە.. یەکێک بۆ یاریی کۆتایی و ئەوەی دیکەیان بۆ ماڵەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو کلاسیکۆی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی جامی شای ئیسپانیا، لەنێوان هەردوو یانەی بارسێلۆنا و ریال مەدرید بەڕێوەدەچێت، یانەیەک دەگاتە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە و ئەوەی دیکەشیان ماڵئاوایی دەکات.
 
یارییەکە کاژێر 22:00 بەکاتی باشووری کوردستان لەسەر یاریگەی کامپ نوی تایبەت بە یانەی بارسێلۆنا دەکرێت، یانە کەتەلۆنییەکە لە یاریی چوونی ئەم قۆناخەدا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەرامبەر ریال مەدرید بەدەستهێناوە و بەبردنەوە و یەکسانبوون دەگاتە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا و ریال مەدریدیش جگە لە بردنەوە هیچ رێگەیەکی دیکەی نییە.
 
ئەم یارییە بۆ هەردوولا گرنگییەکی زۆری هەیە، بۆ بارسێلۆنا نزیکبوونەوەی دەبێت لە بردنەوەی دووەم نازناو لەگەڵ چاڤی وەک راهێنەری تیپەکە و بۆ ریال مەدریدیش گەڕاندنەوەی متمانە و زیاترکردنی ئەو هیوا کەمەیە کە بۆ مانەوەی ئەنچێلۆتی لە پۆستی راهێنەرایەتی یانەکەدا هەیە.
 
لە ریزەکانی یانەی بارسێلۆنا، هەریەکە لە ئاندریاس کریستێنسن، پێدری، عوسمان دێمبێلی و فرێنکی دییۆنگ بەهۆی پێکانەوە بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن، ئەمەش کاریگەرییەکی زۆر دەکاتە سەر پلانەکانی چاڤیی راهێنەری ئەو یانەیە، بەڵام راهێنەرەکە دەڵێت "پێویستە لەم یارییەدا یاریی نەکردنی یاریزانەکانمان لەبەرچاو بگرین و بە پلانێکی دیکە یاریی بکەین."
 
لە بەرامبەردا لە ریزەکانی ریال مەدرید جگە لە فێرلان مێندی، کە پێکانی هەیە سەرجەم یاریزانەکان بۆ یارییەکە ئامادەن و ئەنچێلۆتی بەو پەڕی ئامادەییە بۆ کلاسیکۆی ئەمشەو ئامادەیە.
 
بەر لە یارییەکە چاڤی هێرناندێز، راهێنەری بارسێلۆنا لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی "ریال مەدرید توانای هەیە لە ئێمە بباتەوە، ئێمەش دەتوانین سەرکەوتن بەدەستبهێنین، پێموایە یارییەکی هاوسەنگ دەبێت، ئەگەر من بەهێزترین بەربژێر هەڵبژێرم، دەڵێم ریال مەدرید، ئەوان بە بوونی ئەزموونێکی باشتر، زیاتر راهاتوون لەسەر ئەنجامدانی ئەم جۆرە یارییانە، راهاتوون لەسەر گۆڕینی ئەنجامە نەرێنییەکان، دەبێت ئاگادار بین و پێموایە ئەوان بەربژێرن بۆ بردنەوە."
 
راهێنەری بارسا زیاتر دەڵێت "چاوەڕوانی یارییەکی زۆر قورس دەکەم، ریال مەدرید ئەسپێکی براوەیە، هەمیشە یاریکردن بەرامبەریان قورسە، بەڵێ بەرامبەر بنزیما، ڤینیسیۆس، رۆدریگۆ و ڤاڵڤێردی، یاریزانی ئاست بەرزیان لە پێکهاتەکەیاندا هەیە، کەواتە یارییەکی زۆر قورس دەبێت، بەڵام هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ کۆنترۆڵکردنی یارییەکە، بۆ ئەوەی خاوەنی تۆپەکە بین، با بزانین چی روودەدات."
 
لەلایەن خۆیەوە کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری ریال مەدرید دوایین قسەی لەبارەی کلاسیکۆوە کرد و لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە بە رۆژنامەڤانانی گوت "هەمیشە کلاسیکۆ گرنگترین یارییە بۆ ریال مەدرید، بۆ هاندەران و یاریزانان و راهێنەریش، رکابەرییەکی زۆر گەورەیە، ئەمە لۆژیکی دۆخی نێوان ئەو دوو تیپەیە، یارییەکە رێگەمان پێدەدات سەرکەوین بۆ یارییەکی دیکەی کۆتایی، ئەوە ئامانجی سەرەکیمانە، پاڵەوانێتییەکی گرنگە و نزیک بووینەتەوە لە یاریی کۆتایی."
 
راهێنەرە ئیتاڵییەکە زیاتر گوتی "یارییەکە گوشارێکی زۆری لەگەڵدایە، بۆیە ئەزموونی یاریزانە بەئەزموونەکان زۆر گرنگە، بەڵام زۆر شت هەیە کە دەبێت هەڵسەنگاندنی بۆ بکەین، ئەگەر کێشە سەرەکییەکەمان وزە بووایە من چالاکترین یاریزانەکانم هەڵدەبژێرم، بەڵام چیرۆکەکە بەو شێوەیە نییە."
 
بارسێلۆنا و ریال مەدرید مێژووییەکی پڕ رکابەرییان بەرامبەر یەکدی هەیە، هەردوو یانە 253 یارییان بەرامبەر یەکدی ئەنجامداوە، ریال مەدرید 101 یاریی بردووەتەوە و بارسێلۆنا خاوەنی 100 بردنەوەیە، لە دوایین سێ یاریی نێوانیان بارسا هەموو یارییەکانی لە ریال مەدرید بردووەتەوە و چاوی لە بردنەوەی چوارەمە لەسەریەک بەرامبەر یانەی شاهانە.
 
لە دوایین 6 یاریی نێوانیشیاندا بارسێلۆنا لە 5 یارییدا بەشێوەیەکی گشتی سەرکەوتنی بەرامبەر ریال مەدرید بەدەستهێناوە.
 
لە مێژووی جامی شای ئیسپانیادا، یانەی بارسێلۆنا خاوەنی زۆرترین نازناوی پاڵەوانێتییەکەیە و 31 جار نازناوەکەی بردووەتەوە، کە دوایینجار لە وەرزی 2021-2022 بووەتە پاڵەوان.
 
یانەی ریال مەدرید خاوەنی 19 نازناوی پاڵەوانێتییەکەیە و دوایینجار کە نازناوەکەی بردبێتەوە لە وەرزی 2013-2014 بووە، لەو کاتەوە ریال مەدرید نازناوی جامی شای نەبردووەتەوە.
 
ئەمشەو یەکێک لە بارسێلۆنا و ریال مەدرید دەگاتە یاریی کۆتایی کۆپا دێل رێی و ئەوەی سەردەکەوێت لە یاریی کۆتاییدا رکابەری یانەی ئۆساسۆنا دەکات.
 
پێکهاتەی پێشبینیکراوی بارسێلۆنا

 
 
پێکهاتەی پێشبینیکراوی ریال مەدرید