ئامەدسپۆر یارییەکی گرنگی هەیە و دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئامەدسپۆر لەنێو یاریگە و هاندەرانی یاریی دەکات و دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات، بۆ بەردەوامیدان بە رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە سوپەرلیگ.
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی 33ـی خولی پلە یەکی تورکیا، ئەمڕۆ ئێوارە کاژێر 19:00 یانەی ئامەدسپۆر لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بەرامبەر یانەی بۆلوسپۆر یاریی دەکات و تیپەکە خۆی بۆ بردنەوەیەکی دیکە ئامادەکردووە.
 
ئامەدسپۆر ئێستا لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولی پلە یەکی تورکیایە، کەسک و سوور لە 11 یاریی رابردوودا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، ئامادەکارییەکی باشیکردووە و چاوی لەوەیە سێ خاڵی ئەم یارییە بباتەوە، بۆ ئەوەی لە رکابەریکردن لەسەر بەدەستهێنانی نازناوی ئەم وەرزەی خولەکە و گەیشتن بە سوپەرلیگی وەرزی داهاتوو بەردەوامبێت.
 
بۆ یارییەکەی ئەمڕۆ سەرجەم یاریزانانی یانەی ئامەدسپۆر بۆ یارییەکە ئامادەن تەنیا عەزیز عەلی کاڵدرم، گومانی لەسەرە بەهۆی ئەو پێکانەی تووشی بووە.
 
ئامەدسپۆر لە یاریی یەکەمیدا لەم وەرزەدا بەرامبەر بۆلوسپۆر بە گۆڵێک بەرامبەر گۆڵێک دۆڕاوە و دەیەوێت قەرەبووی ئەو دۆڕانە گەورەیەی بکاتەوە و بەبردنەوەی ئەم یارییە هاندەرانی دڵخۆشبکات و درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات.
 
ئێستا ئامەدسپۆر لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکەیە بە کۆکردنەوەی 67 خاڵ، 20 یاریی بردووەتەوە، 7 جار یەکسانبووە و 5 جاریش دۆڕاوە، تیپەکەی باکووری کوردستان 68 گۆڵی تۆمارکردووە و 32 گۆڵی لێکراوە.
 
گۆڵکاری ئەم وەرزەی خولی پلە یەکی تورکیا، ئێمبای دیانێی سەنیگالی و هێرشبەری یانەی ئامەدسپۆرە، یاریزانەکە 25 گۆڵی لەم وەرزەی خولەکەدا تۆمارکردووە و شەش گۆڵی بۆ هاوڕێکانی دروستکردووە.
 
یارییەکەی ئەمڕۆ بۆ فلۆرێنت هاسانی، یاریزانی یانەی ئامەدسپۆر تایبەت دەبێت، لەکاتێکدا بەرامبەر یانەی پێشووی یاریی دەکات.
 
یانەی بۆلوسپۆر لە پلەی سێزدەیەمی ریزبەندی خولەکەیە، 42 خاڵی هەیە و دەیەوێت رکابەری لەسەر گەیشتن بە پلەی ئۆف بکات.
 
هاندەران لە ئامەد بە پەرۆشییەکی زۆرەوە چاوەڕێی ئەم یارییە دەکەن، لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا خواست لەسەر درێسەکانی یانەکە چوار هێندە زیادیکردووە و لە بازاڕدا زۆر بە زەحمەت درێسەکانی یانەکە دەستدەکەون.
 
ئامەدسپۆر تەنیا 6 یاریی لەم وەرزەی خولی پلە یەکی تورکیا ماوە، یانەکە لە پلەی دووەمی ریزبەندە، بە سیستمی تۆپی پێی تورکیا یەکەم و دووەمی ریزبەندی خولەکە راستەوخۆ دەگەنە سوپەرلیگی وەرزی داهاتوو، چوارەم و پێنجەم، شەشەم و حەوتەم بەرامبەر یەکدی یاریی دەکەن و براوەی هەردوو یاریی رووبەڕووی یەکدەبنەوە، پاشان براوەکەیان بەرامبەر خاوەنی پلەی سێیەم یاریی پلەی ئۆف دەکات بۆ رکابەریکردن لەسەر بلیتی سێیەمی سەرکەوتن بۆ سوپەرلیگ.