دوو گورزی کوشندە بەر بارسێلۆنا کەوتن
رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای بردنەوەیەکی زۆر گرنگ لە لالیگادا، بارسێلۆنا دوو گورزی کوشندەی بەرکەوت و دوو یاریزانی لەدەستدا.
بارسێلۆنا لە ساتێکی یەکلاکەرەوەی وەرزەکەدا رووبەڕووی قەیرانێکی نوێ دەبێتەوە، ئەوەش دوای پێکرانی دوو یاریزانی، مارک بێرناڵ و ئاراوخۆ لە دوایین یاریی تیپەکەدا.
بارسێلۆنا لە یاریی لووتکەدا 2-1 لە ئاتلێتیکۆ مەدریدی بردەوە، بەڵام بێرناڵ لە خولەکی 62 بەهۆی پێکانێکی ماسوولکەییەوە ناچاربوو یاریگا بەجێبهێڵێت، دوای ئەوەی کەوتە سەر زەوی و نەیتوانی بەردەوام بێت، لە کاتێکدا ئاراوخۆ لە گێمی یەکەمدا بەهۆی گرژبوونی ماسوولکەی پشتەوەی رانی یاریگای بەجێهێشت.
ئەم پێشهاتە لە کاتێکی هەستیاردا دێت پێش رووبەڕووبوونەوەی ئاتلێتیکۆ مەدرید لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، ئەمەش گوشارەکانی سەر هانزی فلیک زیاد دەکات کە ئێستا تەنیا پشتی بە کاسادۆ و ئێریک گارسیا بەستووە لە ناوەڕاستی یاریگادا.
بێرناڵ، کە بە یەکێک لە توخمە سەرەکییەکانی پلانی فلیک دادەنرێت، لەم دواییانەدا وەک رێکارێکی خۆپارێزی بەشێوەیەکی سنووردار یاری کردووە دوای ماندووبوونی پێشووی ماسوولکەکانی و ئەنجامدانی چەندین یاری لەگەڵ تیپی خوار 21 ساڵ. سەرەڕای ئەوەش، نەیتوانی لە یارییەکەدا بەردەوام بێت، ئەمەش تیپەکە دەخاتە بەردەم ئاڵنگارییەکی گەورە لە رێکخستنی ناوەڕاستی یاریگادا پێش یارییەکانی داهاتوو.
سەبارەت بە ئاراوخۆ، بەدەست گرژبوونی ماسوولکەی رانەوە دەناڵێنێت و دۆخی لەژێر چاودێری پزیشکیدا دەمێنێتەوە. لەکاتێکدا فرێنکی دی یۆنگ لە گەڕانەوە نزیکە، بەڵام دەستەی پزیشکی هۆشداری دەدەن لە بەشداریکردنی بۆ ماوەیەکی درێژ بۆ ئەوەی دووچاری هیچ نسکۆیەک نەبێتەوە.
بەگوێرەی رۆژنامەنووس خاڤی میگێل، دوایین زانیاری لەسەر دۆخی پێکانەکان بەمشێوەیەیە:
* بێرناڵ.. پێچانی پاژنەی پێ
* ئاراوخۆ.. گرژبوون - ئازار لە ماسوولکەی پشتەوەی ران.
بارسێلۆنا ئێستا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە بۆ پاراستنی هاوسەنگی تیپەکە پێش یارییە یەکلاکەرەوەکانی خولی ئیسپانیا و خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا.