گۆڵکار ئامادەیە و هەولێر چاوی لە بردنەوەیە
رووداو دیجیتاڵ
یانەی هەولێر دەیەوێت قەرەبووی یەکسانبوونی لە یاریی رابردوودا بکاتەوە و لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی غەڕاف یاریی دەکات.
لە درێژەی یارییەکانی گەڕی 25ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، کاژێر 17:00 یانەی هەولێر لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی غەڕاف یاریی دەکات و دەیەوێت قەرەبووی یەکسانبوونی لە دوو یاریی رابردووی بەرامبەر نەفتی میسان و زەورا بکاتەوە و بگەڕێتەوە سەر رێگەی راست.
هەولێر چەند رۆژێکە خۆی بۆ ئەم یارییە ئامادەدەکات، بەر لە یارییەکە مستەفا قابیل، ئەستێرەی لاوی یانەکە گەڕاوەتەوە و بۆ یارییکردن ئامادەیە، چاوەڕواندەکرێت ئەمڕۆ چەند خولەکێک بەشداری لە یارییەکەدا بکات.
ئیمپڕاتۆر لە گەڕی 7ـی ئەم وەرزەی خولەکەدا لە یاریگەی خۆی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە غەڕافی بردووەتەوە و دەیەوێت بردنەوەکەی بەرامبەر ئەو یانەیە دووبارەبکاتەوە، بەڵام ئەرکی ئاسان نییە، بەوپێیەی رکابەرەکەی لە یاریگەی خۆیدا بە پاڵپشتیی هاندەرانی باش یاریی دەکات.
بەر لە یارییەکە باسم قاسم، راهێنەری یانەی هەولێر لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی "ئێمە ئامادەین بۆ یارییەکە، سەرەڕای ئەوەی لە دوو یاریی رابردوودا یەکسانبووین، هەموو یاریزانەکان ئامادەن، بەتایبەت دوای گەڕانەوەی گۆڵکارەکەمان شێرزوود تێمیرۆڤ و هێرشبەر مستەفا قابیل."
راهێنەری هەولێر زیاتر گوتی "هیوادارم لە رۆژی خۆماندابین، سەرەڕای ئەوەی دەزانین غەڕاف تیپێکی باشە."
لەلایەن خۆیەوە ئەرکان ئەمیر، یاریزانی یانەی هەولێر دەڵێت "یارییەکی زەحمەت دەبێت لە دەرەوەی یاریگەی خۆمان، غەڕاف تیپێکی زۆر زۆر باشە، بەڵام ئێمە بۆ بردنەوەی سێ خاڵی یارییەکە هاتووینەتە ئێرە و دەمانەوێت پارێزگاری لە مانەوە لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولەکە بکەین."
حەسەن کەمال، یاریدەدەری راهێنەری یانەی غەڕافە و دەڵێت "یاریی بەرامبەر هەولێر زۆر بەهێز دەبێت، هیچ یارییەک ئێستا ئاسان نییە، هەموو رووبەڕووبوونەوەکان پێویستی بە ئامادەییەکی تەواوی هزری و توانایەکی زۆر هەیە. ئێمە بەشێکی یاریزانەکانمان ئامادەنین و ئەوەش کێشەی بۆ دروستکردووین، بەڵام تیپەکە لەڕووی هونەرییەوە پێشکەوتووە و یاریزانەکان بەباشی پلانەکانی راهێنەر جێبەجێ دەکەن."
بەر لەم یارییە یانەی هەولێر لە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراقە و خاوەنی 51 خاڵە، یانەکە پێویستی بەبردنەوەیە بۆ ئەوەی جیاوازییەکەی لەگەڵ تەڵەبەی چوارەم بۆ شەش خاڵ بەرزبکاتەوە.
غەڕاف پلەی چواردەیەمی ریزبەندی خولەکەی گرتووە و خاوەنی 32 خاڵە، یانەکە دوایین یاریی بردووەتەوە، بەڵام لە شەش یاریی رابردوودا پێنج جار دۆڕاوە.