ریال مەدرید ئامادەیە دەستبەرداری یاریزانێکی ببێت
رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدرید ئامادەیە دەستبەرداری یاریزانێکی ببێت و یانەکانی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی و چەند یانەیەکی ئینگلیزیش هەوڵی گواستنەوەی دەدەن.
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی و چەند یانەیەکی ئینگلیزی رکابەری لەسەر گواستنەوەی ئێدواردۆ کاماڤینگا، ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی یانەی ریال مەدرید دەکەن و یاریزانەکەش ئامادەیە بیر لە بەجێهێشتنی یانەکە بکاتەوە.
کاماڤینگا لە رۆڵەکەی لە ریال مەدرید رازی نییە، یاریزانەکە دوودڵە لەوەی لە مۆندیالدا یاریی بۆ فەرەنسا بکات، ئەمەش یاریزانەکەی زیاتر نیگەرانکردووە و داهاتووی لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ دیارنییە.
رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی نووسیوویەتی، ریال مەدرید لاریی نییە لەوەی لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا دەستبەرداری کاماڤینگا ببێت، پاریس سانجێرمانیش دیارترین بەربژێرە کە گرنگی بە تواناکانی ئەو یاریزانە دەدات.
ئێدواردۆ کاماڤینگا تەمەنی 23 ساڵە، ئەم وەرزە سێجار تووشی پێکانبووە و بەو هۆیەوە چەند یارییەکی ریال مەدرید و فەرەنسا دوورکەوتووەتەوە، ئەوەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئاستی یاریزانەکە هەبووە.
گرێبەستی کاماڤینگا لەگەڵ ریال مەدرید لە هاوینی ساڵی 2029 کۆتاییدێت، نرخی یاریزانەکە ئێستا دەگاتە 50 ملیۆن یۆرۆ، بەڵام رەنگە ریال مەدرید داوای پارەیەکی زیاتر بکات.
یاریزانە فەرەنسییەکە لەم وەرزەدا بەشێوەیەکی گشتی بەشداریی لە 35 یاریی ریال مەدریددا کردووە، 1866 خولەک یارییکردووە، 2 گۆڵی تۆمارکردووە و تەنیا یەک گۆڵی دروستکردووە.