گفتوگۆی نێوان ناوبژیوانانی یارییەکەی ئاتلێتیکۆ مەدرید و بارسێلۆنا بڵاوکرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
تۆمارە دەنگییەکانی ژووری ناوبژیوانانی ڤار (VAR) پەردەیان لەسەر نهێنی بڕیارەکانی ناوبژیوانی یاریی نێوان بارسێلۆنا و ئاتلێتیکۆ مەدرید لادا، کە بە سەرکەوتنی یانە کەتەلۆنییەکە بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ کۆتایی هات.
رۆژنامەی 'ئەی ئێس'ی ئیسپانی پشتڕاستی کردەوە، یارییەکە دوو دیمەنی مشتومڕاوی بەخۆیەوە بینی کە تەکنەلۆژیای ڤار دەستتێوەردانی تێدا کرد بۆ یەکلایی کردنەوەیان.
بوسکێتس فێرێر، ناوبژیوانی سەرەکیی یارییەکەی نێوان ئاتلێتیکۆ مەدرید و بارسێلۆنا، کە ئەرکی بەڕێوەبردنی یاریی لووتکەی نێوان بارسێلۆنا و ئاتلێتیکۆ مەدریدی لەسەر شان بوو، لە چەند دیمەنێکی هەستیاردا پەنای بۆ تەکنەلۆژیای ڤار برد و بڕیارەکانی گۆڕی.
دیمەنی یەکەمی مشتومڕهەڵگری یارییەکە، بریتی بوو لە دەرکردنی نیکۆ گۆنزالێسی یاریزانی ئاتلێتیکۆ مەدرید، کە کارتی زەردی دووەمی وەرگرت بەهۆی لێدانی لە لامین یامال لە کاتی زیادکراوی نیوەی یەکەمدا، بەڵام ڤار ناوبژیوانی بانگ کرد و بڕیاریدا کارتی زەردی دووەم هەڵبوەشێنێتەوە و لەبری ئەوە کارتی سووری راستەوخۆ بەکاربهێنێت.
ناوبژیوانی ڤار بە فێرێری گوت "پێشنیازی کارتی سوورت بۆ دەکەم بەهۆی رێگریکردن لە هەلێکی مسۆگەری گۆڵکردن".
داواکارییەکە، لەلایەن ناوبژیوانەوە دوای بینینەوەی دیمەنەکە پەسەندکرا و گوتی "خاڵی بەریەککەوتنەکە بە روونی لە دەرەوەی ناوچەی سزایە و هەڵەکەش ئاشکرایە، بەڵێ، خەریک بوو لامین لێدان بۆ گۆڵەکە لێبدات".
ژووری ڤار زیاتر لەسەر ئەو دیمەنە روونی کردەوە و گوتی "هێرشبەرەکە لە هەموو کاتێکدا کۆنترۆڵی تۆپەکەی لایە و بەرەو گۆڵ دەڕوات، نیکۆ رێگری لە هەلێکی مسۆگەری گۆڵ کردووە، لە کاتێکدا هیچ بەرگریکارێک نەگەیشتووەتە شوێنەکە".
فێرێری ناوبژیوانیش لە وەڵامدا گوتی "بە تەواوی هاوڕام، هیچ بەرگریکارێک لە دەوروبەری نییە و هەنگاوی دواتری لێدان بوو، کارتی زەردی دووەم هەڵدەوەشێنمەوە و کارتی سووری راستەوخۆی پێدەدەم".
بەشی دووەمی مشتومڕەکان پەیوەندی بە هەڵوەشاندنەوەی کارتی سووری راستەوخۆی جێرارد مارتنی یاریزانی بارسێلۆناوە هەبوو دوای لێدانی لە ئالمادا لە خولەکی 48.
ژووری ڤار بانگی بوسکێتس فێرێری ناوبژیوانی نێو یاریگای کرد، بۆ بینینەوەی دیمەنەکە لەرێگەی شاشەکەوە.
ژووری ڤار لە شیکردنەوەی لێدانەکە بە ناوبژیوانەکەی گوت "یاریزانەکەی بارسێلۆنا بە شێوەیەکی ئاسایی یاری بە تۆپەکە دەکات، جوڵەیەکی ئاسایی یارییەکەیە، یاری بە تۆپەکە کردووە و پاشان بەریەککەوتنەکە لەگەڵ یاریزانەکەی ئاتلێتیکۆ بە شێوەیەکی سرووشتی روویداوە".
دوای بینینەوەی وێنەکان، بوسکێتس فێرێری ناوبژیوان لەگەڵ روونکردنەوەکە هاوڕابوو و گوتی "باشە، یاریزانەکەی بارسێلۆنا کۆنترۆڵی تۆپەکەی لایە، یاری پێدەکات و پاشان پێ دەنێت بە یاریزانی بەرامبەردا، ئەمە جووڵەیەکی سروشتییە".
بەمەش ناوبژیوان بڕیارەکەی گۆڕی و تەنیا بە پێدانی کارتی زەرد بە یاریزانە لاوەکە کۆتایی پێهێنا.
بڵاوکردنەوەی ئەم تۆمارە دەنگییانە لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیاوە، لە چوارچێوەی هەوڵەکاندایە بۆ زیاتر روونکردنەوەی بڕیارەکانی ناوبژیوانان و کەمکردنەوەی ئەو گومانانەی لە یارییە گەورەکاندا دروست دەبن، هەرچەندە تاوەکو ئێستاش مشتومڕەکان لەسەر بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ڤار و جۆری بڕیارەکان لە لالیگا بەردەوامییان هەیە.