دوای گەیشتنە مۆندیال لەنێو یەکێتیی تۆپی پێی عێراق شەڕەکە گەرمە
رووداو دیجتاڵ
دەرگای خۆبەربژێرکردن بۆ هەڵبژاردنی دەستەیەکی نوێ بۆ یەکێتیی تۆپی پێی عێراق کرایەوە، هەر زوو یونس مەحموود، بەربژێربوونی خۆی بۆ سەرۆکایەتی یەکێتییەکە ئاشکراکرد.
لە چوار ساڵی رابردوودا نێوماڵی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق ئارام نەبووە و بوونی باڵ باڵێن و ململانێی نێوان سەرۆک و بەشێک لە ئەندامانی یەکێتییەکە بەئاشکرا دیارە، عەدنان درجال، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق وەک بەڵێنی دابوو هەڵبژاردەی عێراقی گەیاندە مۆندیال، بەڵام لە ناوخۆی یەکێتییەکەدا باڵێک دژی دروستبووە و دەیانەوێت کۆتایی بە دەسەڵاتی بهێنن.
بڕیارە هەڵبژاردنی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق مانگی پێنجی ئەمساڵ لە شاری بەغدا ئەنجام بدرێت، یونس مەحموود، کە ئێستا جێگری سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراقە فۆرمی بەربژێربوونی بۆ سەرۆکایەتی داهاتووی یەکێتییەکە پڕکردووەتەوە، ئەوەی جێگای سەرنجیشە غانم عرێبی ئەندامی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق لە پلاتفۆڕمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک هەندێک زانیاری سەرنجڕاکێشی بڵاوکردەوە.
ئەندامەکەی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق ئاشکرایکردووە "بەپێی زانیاریی متمانەپێکراو کە بەدەستم هێناون، یونس مەحموود سەرۆکی داهاتووی یەکێتیی تۆپی پێی عێراقە، دەزگایەکی ناسراوی وەرزشی و سەرکردەیەکی سیاسی پاڵپشتی دەکات".
بڵاوکردنەوەی ئەو زانیارییانە لەلایەن ئەو ئەندامەی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق دەنگدانەوەیەکی زۆری لە شەقامی وەرزشی دروستکردووە، هاوشانی یونس مەحموود هەریەک لە گۆڤەند عەبدولخالق کە کوردە و خەڵکی هەولێرە بەربژێرە بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، مەحموود ئەحمەد کە خەڵکی سلێمانییە و بەربژێرە بۆ ئەندامێتیی یەکێتییەکە وەک دوو بەربژێری کورد ناوییان هاتووە.
لەو کاتەی شەقامی وەرزشیی عێراق لەنێو خۆشییەکی زۆری گەیشتنی هەڵبژاردەی عێراقە بۆ یارییەکانی مۆندیال بۆ جاری دووەم، کەچی رکابەرییەکی زۆر لەنێو یەکێتییەکەدا دەبیندرێت، بەشێوەیەک چاوەڕوان دەکرێت دەیان کاردانەوەی سەرنجڕاکێش و گۆڕانکاری لە داهاتوودا ببیندرێت.
عەدنان درجال، سەرۆکی ئێستای یەکێتیی تۆپی پێی عێراق هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی گەیاندە ئۆڵۆمپیادی پاریس و هەڵبژاردەی یەکەمیش دوای 40 ساڵ گەیشتە مۆندیال، هیچ کاردانەوە و قسەیەکی لەسەر جوڵە و بەربژێربوونی ژمارەیەک ئەندام و یونس مەحموود نەبووە، چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوو درجال بەربژێربوون و هەڵوێستی خۆی بۆ چوار ساڵی داهاتووی بەڕێوەبردنی یەکێتییەکە ئاشکرا بکات.