جۆزێ مۆرینیۆ: بەر لە دەستپێکردنی خول، پاڵەوانی ئەمساڵی تورکیا دەستنیشانکرابوو

 
 
رووداو دیجیتاڵ
 
جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری یانەی فەنەرباخچەی تورکی رەخنەی لە سیستمی بەڕێوەچوونی خولی تورکیا گرت و گوتی، بەر لە دەستپێکردنی خولی تورکیا، پاڵەوانی خولەکە دەستنیشانکرابوو.
 
مۆرینیۆ لەگەڵ تیپەکەی بەگۆڵێکی بێبەرامبەر بە بێشکتاش دۆڕان و بەوەش گاڵاتەسەرای بەتەواوی لە نازناوی وەرزی ئەمساڵی خولەکە نزیکبووەوە.
 
شکستی فەنەرباهچە بەرامبەر بێشکتاش کە ئۆلی گونار سۆلشایەر راهێنەرایەتی دەکات، وایکرد گاڵاتەسەرای بەجیاوازیی هەشت خاڵ لە فەنەرباهچە دووربکەوێتەوە، لە کاتێکدا تاوەکو کۆتایی وەرز، چوار گەڕی خولەکە ماوە ئەنجام بدرێن.
 
مۆرینیۆ لە دوای شکستی یانەکەی، جارێکی دیکە هێرشی کردەوە سەر بڕیارەکانی ناوبژیوان و ڤار و بەهۆکاری دۆڕانەکەی دانان. ئەو راهێنەرە پۆرتوگالییە گوتی، "کاتێک هەندێک یاریزان ئاستێکی باش پێشکێش ناکەن، کاریگەریی لەسەر هەموو تیپەکە دەبێت، بەڵام زۆر بڕیار دژی ئێمە بوون. من لە قسەکردن لەسەر ئەمە ماندووم و قسەکانم هیچ شتێک ناگۆڕێت".
 
مۆرینیۆ پێشتر چەندینجار رەخنەی لە ئاستی ناوبژیوانانی تورکیا گرتووە. رەخنەکانی مۆرینیۆ بوونە هۆکاری ئەوەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا پاش ساڵانێکی زۆر، بۆ یەکەمجار ناوبژیوانێکی بیانی بۆ بەڕێوەبردنی یارییەکی خولی تورکیا دەستنیشان بکات، ئەوەش لە یاریی نێوان هەردوو یانەی فەنەرباهچە و گاڵاتەسەرای بوو کە بەڕێوەبردنی یارییەکە، بە سلاڤکۆ ڤینچیچی سلۆڤینی درا.
 
مۆرینیۆ کە لەدوای یارییەکە قسەی بۆ میدیاکان کردووە، دەڵێ، خولی تورکیا پێشتر دیزاین کراوە، بەرلەوەی رکابەرییەکان دەستپێبکات، پاڵەوان دەستنیشانکراوە.
 
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکانی تورکیا ئاماژە بەنزیکیی دوورخستنەوەی جۆزێ مۆرینیۆ لە مەشقدانی یانەی فەنەرباهچە دەکەن، مۆرینیۆ رەتیکردەوە باس لە چارەنووسی خۆی بکات و گوتی، "من بە نهێنی لەگەڵ یانەکەم قسە دەکەم، نەک لەگەڵ میدیاکان".
 
فەنەربەخچە لە یاری داهاتوودا رووبەڕووی ئیستانبوڵ باشاکشەهیر دەبێتەوە. بردنەوەی یارییەکە لەلایەن فەنەرباهچەوە، بەپاڵەوانبوونی گاڵاتەسەرای بۆ هەفتەیەکی دیکە دوا دەخات.