پلانێکی گەورەی ریال مەدرید بۆ گواستنەوەی هاوینە

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید کار بۆ جێبەجێکردنی پلانێکی گەورە دەکات لە گواستنەوەی هاوینەدا و یەکێک لە ئەستێرەکانی پرێمەرلیگی کردووەتەوە ئامانج.
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا و ئینگلتەرا، یانەی ریال مەدرید کار بۆ گواستنەوەی ویلیام سالیبا، ئەستێرەی هێڵی بەرگری یانەی ئارسیناڵ دەکات و دەیەوێت لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا یاریزانەکە بباتە ریزەکانی.
 
بەربەستی سەرەکی لەبەردەم ئەنجامدانی ئەم گرێبەستە، ئەوەیە ئارسیناڵ بە ئاسانی دەستبەرداری ئەو یاریزانە نابێت و زیاتر لە جارێکیش میکێل ئارتێتا رایگەیاندووە، نایەوێت سالیبا لە یانەکەی بڕوات و ئەو یەکێکە لە یاریزانە سەرەکییەکانی پێکهاتەکەی، جگە لەوەش نرخی یاریزانەکە ئێستا دەگاتە نزیکەی 100 ملیۆن یۆرۆ.
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئینگلتەرا، یانەی ئارسیناڵ بەکردەیی داوای نوێکردنەوەی گرێبەستەکەیان لە سالیبا کردووە، بۆ ئەوەی یاریزانەکە لە یانە گەورەکانی ئەورووپا بپارێزێت.
 
هەوڵەکانی ریال مەدرید بۆ گواستنەوەی ئەم یاریزانە فەرەنسییە لەکاتێکدایە، ماوەیەکە باس لە پەیوەندیکردنی دین هاوسن، بە یانە ئیسپانییەکەوە دەکرێت و یاریزانەکەش پێی خۆشە رووبکاتە ئەو یانەیە، بەڵام چەند سەرچاوەیەک دەڵێن "ئێستا ریال مەدرید بیر لە گرێبەستکردن لەگەڵ ئەو یاریزانە ناکاتەوە."
 
یانەی ریال مەدرید بۆ وەرزی نوێ دەیەوێت گۆڕانکاری زۆر لە تیپەکەیدا بکات، بەتایبەت کە کارلۆ ئەنچێلۆتی، لە راهێنەرایەتیکردنی ئەو یانەیە دەڕوات و بەئەگەری زۆرەوە چابی ئەڵۆنسۆ دەبێتە راهێنەری یانەکە.
 
یانەی شاهانە نایەوێت کار بۆ گواستنەوەی دین هاوسن بکات، لەکاتێکدا یانە گەورەکانی ئینگلتەرا گۆشار لەسەر یانەی بۆرنمۆوس و یاریزانەکە دروستدەکەن بۆ ئەوەی رووبکاتە یانەکانیان، بەتایبەتیش یانەکانی لیڤەرپوول، چێڵسی، ئارسیناڵ و مانچێستەر یونایتد داوای یاریزانەکە دەکەن.