نەورۆز میوانداریی شورتە دەکات و هاندەران ئامادەدەبن
رووداو دیجیتاڵ
یانەی نەورۆز لە یاریی لووتکەدا بەرامبەر یانەی شورتە یاریی دەکات و دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات، هاندەرانی یانەکەش لە یارییەکەدا ئامادەدەبن.
ئەمڕۆ ئێوارە نەورۆز لە یاریگای خۆی بەرامبەر شورتەی دووەمی ریزبەندی خولەکە یاریی دەکات، تیپەکەی سلێمانی ئامادەکارییەکی باشی بۆ یارییەکە کردووە و چاوی لەوەیە درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات، بەتایبەت دوای ئەوەی لە قۆناخی دووەمدا ئاستێکی بەرزی پێشکێشکرد و ئەنجامی باشی بەدەستهێنا.
سەرەتا یەکێتی تۆپی پێی عێراق بڕیاریدابوو یانەی نەورۆز بۆ یارییەک بەبێ هاندەر یاری بکات، بەبیانووی ئەوەی گوایە هاندەرانی یانەکە لە یاریی بەرامبەر جەوییە قسەی نەشیاویان کردووە، بەڵام نەورۆز بە بەڵگەوە هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە و یانەی جەوییەش رەتیکردەوە کە هیچ قسەیەکی نەشیاو لە دژی ئەوان کرابێت، بۆیە بەپێی زانیارییەکانی رووداو سپۆرتس، بڕیارەکە هەڵوەشێنراوەتەوە و ئەمڕۆ هاندەرانی نەورۆز دەتوانن لە یاریگا ئامادەبن و پاڵپشتیی تیپەکەیان بکەن.
وەلی کەریم، راهێنەری یانەی نەورۆز لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی پێش یارییەکە گوتی "ئامانجمان ئەوەیە زیاتر لە تیپەکانی زاخۆ و کەرخ نزیکببینەوە و رکابەری لەسەر پلەکانی پێشەوەی ریزبەند بکەین، یارییەکە بۆ هەردوو تیپ یەکلاکەرەوە و گرنگە، پشتمان بە خاڵەکانی یارییەکە بەستووە و دەمانەوێت ببەینەوە".
راهێنەری نەورۆز دەڵێت "سیاسەتی یارییکردنی بە نۆرە سوودێکی زۆری بە تیپەکە گەیاندووە و رۆحیەتێکی نوێی بە تیپەکەمان بەخشیوە، یارییەکە لە یاریگای خۆمانە و بە پاڵپشتیی هاندەرانمان بەڕێوەدەچێت، هیوادارین بتوانین تیپەکە، هاندەران و کارگێڕیی یانەکە دڵخۆش بکەین".
وەلی کەریم زیاتر قسەیکرد و بە رۆژنامەڤانانی گوت "تۆپی پێ ناچێتە ژێر باری پێشبینییەکان یان ئەوەی لەسەر کاغەز دەگوترێت، هەرکەسێک ئامادەتر بێت ئەو دەیباتەوە و سەردەکەوێت. هیوادارین بە بیرکردنەوەیەکی بەرزەوە یارییەکە بکەین و بردنەوە پێشکێشی هاندەرانمان بکەین، بەتایبەت کە بردنەوە لەو تیپانەی هاندەری زۆریان هەیە تامی تایبەتی خۆی هەیە".
نەورۆز لە سێ یاریی رابردوودا کە زۆر زەحمەت بوون، بەرامبەر تەڵەبە و جەوییە یەکسانبوو و لە گەڕی رابردوودا لە گەرمەی بردەوە، ئەمجارە چاوی لەوەیە لە یاریگای خۆیدا شورتەی دووەمی ریزبەندی خولەکە تووشی دۆڕان بکات.