چاوەڕواننەکراو.. لە ریال مەدرید هەرایە و رۆدیگێر لە کارێراس دەدات

 
رووداو دیجیتاڵ

هەواڵێکی زۆر مەترسیدار و چاوەڕواننەکراو لە یانەی ریال مەدرید ئاشکرا دەبێت و رودیگێر زلەیەکی لە کارێراس داوە.
 
میدیای ئیسپانی زانیارییەکی زۆر مەترسیدار لەبارەی ئەوەی لە ناو ژووری جلگۆڕینی یاریزانانی ریال مەدرید روویداوە ئاشکرا دەکات. ئاڵۆزی و گرژیی نێوان ئەنتۆنیۆ رودیگێر و ئەلڤارۆ کارێراس لە چەند هەفتەی رابردوودا رووی لە زیادبوون کردووە، تاکو گەیشتووەتە ئاستی بەریەککەوتنی جەستەیی، هەرچەندە بابەتەکە لەوە زیاتر گەورە نەبووە.
 
بەپێی زانیارییەکان رودیگێر لە کاتی دەمەقاڵێیەکدا زلەیەکی لە ئەلڤارۆ کارێراس داوە، بەڵام زۆر تووند نەبووە. ئەم بارودۆخە نیشانەی ئەو پەستان و ئاڵۆزییە زۆرەیە کە ئێستا لە ناو پێکهاتەی ریال مەدریددا هەیە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش هیچ شەڕێکی گەورە یان پێکدادانی توند رووینەداوە.
 
نەیارانی ریال مەدرید  دەیانەوێت ئەم رووداوە وەک شەڕێکی گەورە وێنا بکەن کە لە قسە تێپەڕیبێت، بەڵام میگێل سێرانۆ بایەخی رووداوەکەی کەم کردەوە بۆ ئەوەی بە هەڵە لێکنەدرێتەوە و گوتی: "ئەوەی روویداوە تەنیا شەقێکی سووک بووە نەک زلەیەکی توند. راستە لێدانەکەی رودیگێر کەمێک بەئازارە، بەڵام وەک هێرشکردن یان دەستدرێژی ئەژمار ناکرێت."
 
واتە ئەوەی روویداوە زیاتر دەستلێدانێکی دەموچاو بووە نەک لێدانێک بە مەبەستی ئازاردانی کارێراس. لە راستیدا ئەگەر رکابەرییەکیش لە نێوانیاندا هەبێت، نەبووەتە هۆی دروستبوونی شەڕێکی گەورە لە ناو ژووری گۆڕیندا، بەڵکو تەنیا ئەو ساتە ئاڵۆزە بووە کە رودیگێر شەقە سووکەکەی لە یاریزانە ئیسپانییەکە داوە.
 
میدیای ئیسپانیا دەڵێت "کە ئەو رووداوە روویدا، ئەلڤارۆ ئەربێلوا، راهێنەری ریال مەدرید لەوێ بووە و سەیری هەردوو یاریزانەکەی کردووە".