کوڕەکەی رۆبینیۆ سکاڵای تۆمارکرد و هەڕەشەی بەجێهێشتنی سانتۆس دەکات
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەرانی رۆبینیۆ جۆنیۆری یاریزانی لاوی یانەی سانتۆس، ئاگادارکردنەوەیەکی دادگایان گەیاندە یانەی سانتۆس کە تێیدا داوای گرتنەبەری رێوشوێنی تووند دەکات، لەبەرامبەر ئەو رووداوەی لە نێوان ئەو یاریزانە و نەیمار داسێلڤا لە مەشقەکانی یانەکەدا روویداوە.
ئەو ئاگادارکردنەوەیە کە پارێزەرەکانی رۆبینیۆی کوڕ بردوویانە بۆ یانەی سانتۆس، تێیدا هاتووە کە ئەو یاریزانە 18 ساڵانە، سێ تۆمەتی ئاراستەی نەیمار داسێلڤا کردووە.
لە دوایین مەشقی یانەی سانتۆسدا، نەیمار داسێلڤا قسەی بە رۆبینیۆ جۆنیۆری هاوتیمی داوە و دواتر پاڵی پێوەناوە بەرلەوەی ببێتە دەمەقاڵەی تووند لە نێوان هەردوو یاریزان.
میدیای بەرازیل ئاشکرایانکردبوو، نەیمار لەوە تووڕەبووە کە جۆنیۆری کوڕی رۆبینیۆی ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەکە، بەتۆپەوە ئەوی تێپەڕاندووە و نەیمار کارەکەی بەسووکایەتیکردن لێکداوەتەوە.
تۆڕی 'گڵۆبۆ'ی بەرازیلی گوتوویەتی ناوەڕۆکی سکاڵاکەی رۆبینیۆی بینیوە و جیا لەو سێ تۆمەتەی ئاراستەی نەیماری کردووە، ئەو یاریزانە لاوە داوای کۆبوونەوە لەگەڵ کارگێڕیی یانەکە کردووە، بۆ قسەکردن لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی سانتۆس، بەبیانووی نەبوونی لانیکەمی مەرجەکانی سەلامەتی لە نێو یانەکەدا.
رۆبینیۆ کە رۆژی پێشتر سکاڵای لە دادگا تۆمارکردووە، لە سکاڵاکەیدا گوتوویەتی کە نەیمار جنێوی پێداوە و سووکایەتی پێکردووە، دواتر بەزەویداداوە و بەتووندی شەقازلەی لە رووخساری داوە.
رۆبینیۆ جۆنیۆر داوایکردووە لە ماوەی 48 کاژێردا یانەکە چوار رێوشوێنی خێرا بگرێتە بەر کە بریتین لە، دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە لەسەر رووداوەکە، هەروەها پێدانی تۆماری کامێراکانی چاودێریی یاریگەی یانەکە، لەگەڵ راگەیاندنی بڵاوکراوەیەکی فەرمی کە گرتنەبەری رێوشوێنەکان ئاشکرابکات، ئەمە جیا لە دەستنیشانکردنی وادەی کۆبوونەوەیەک لەگەڵ نوێنەرانی یاریزانەکە، بۆ قسەکردن لەبارەی ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی نێوان یانەکە و یاریزانەکە.
پارێزەرەکانی رۆبینیۆ جۆنیۆر، گوتوویانە، وەڵامنەدانەوەی یانەی سانتۆس بەو سکاڵایە، بەپاشگەزبوونەوە لە متمانەی گرێبەست و پابەندیی بەسەلامەتیی کار دادەنرێت و ئەوەش دەبێتە هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی یەک لایەنەی گرێبەستی نێوانمان.
لە ئەگەری پابەندنەبوونی یانەکە بەو وادەیەی لە ئاگادارکردنەوەکەدا دەستنیشانکراوە، وەک تیمی پارێزەرانی یانەکە ئاشکرایانکردووە، بەنیازن پەنا ببەنە بەر رێوشوێنی یاسایی پێویست، لە نێویاندا داواکردنی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکە و قەرەبووی ئەو زیانە ئەدەبی و داراییانەی بەهۆی رووداوەکەوە، بەر یاریزانەکە کەوتووە.
پێشتر هەندێک سەرچاوە ئاشکرایانکردبوو، دۆخەکە لە نێوان هەردوو یاریزاندا ئاسایی بووەتەوە، پاشئەوەی نەیمار داوای لێبوردنی کردووە.
یانەی سانتۆس لای خۆیەوە، لەبارەی رووداوەکە و لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا راگەیاندبوو، "یانەکە رایدەگەیەنێت لەسەر رێنوێنی سەرۆکی یانەکە، لێکۆڵینەوەی نێوخۆیی لەو رووداوە دەستپێکردووە کە رۆژی یەکشەممەی رابردوو، لە سەنتەری مەشقەکانی یانەکە لە ری پێلێ روویداوە لە نێوان نەیمار جۆنیۆر و رۆبسۆن دی سۆزا جۆنیۆر (رۆبینیۆ) و دەستەی یاسایی یانەکە بەرپرسیارێتی لێکۆڵینەوەکەی گرتووەتە ئەستۆ".
رووداوەکە بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممەی ئەم هەفتەیە روویداوە، کاتێک یاریزانانی یانەکە مەشقی سووکیان دەستپێکردووە، پاش یەکسانبوون لەگەڵ پالمێراس بەگۆڵێک.
وەک سەرچاوەکان گوتوویانە، لە کاتی مەشقەکاندا رۆبینیۆ، بەتۆپەوە نەیماری تێپەڕاندووە، ئەوە وایکردووە ئەو یاریزانە هەست بەسووکایەتی بکات، هەربۆیە لێی هەڵگەڕاوەتەوە و قسەی پێگوتووە، لە کاتێکدا رۆبینیۆی کوڕ، هەوڵیداوە ئارامی بکاتەوە.
'گڵۆبۆ سپۆرت' دەڵێ، دوای ئەوە، نەیمار هەڕەشەی لە رۆبینیۆ کردووە، لێی هەڵگەڕاوەتەوە و قسەی پێگوتووە، دواتر مشتومڕ دروستبووە و نەیمار پاڵی بە رۆبینیۆ داوە و خستوویەتییە سەر زەوی.
تۆڕەکە گوتوویەتی، "هەندێک کەس کە لە مەشقەکان ئامادەبوون و رووداوەکەیان بینیوە، گوتوویانە نەیمار، شەقازلەی لە دەموچاوی رۆبینیۆ داوە".
لە سکاڵاکەی رۆبینیۆدا، حاڵەتی پاڵنان، بەزەویدادان و شەقازلە لێدان باسکراون.
رووداوەکە لە کاتێکدایە کە نەیمار داسێلڤا هەوڵدەدات، کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەری بەرازیل بە بانگهێشتکردنی بۆ ریزەکانی هەڵبژاردەکەی لە مۆندیال رازی بکات. بەڵام وەک سەرچاوەکان دەڵێن، ئەو رووداوە کاریگەریی زۆر لەسەر بیرکردنەوەی کارلۆ بەرامبەر نەیمار دروستدەکات.