رووداو دیجیتاڵ
یانەی دهۆک لە یاریگەی خۆیدا یاریی دەکات و بەدوای بردنەوەی سێ خاڵدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی هاندەرانی ئاشتبکاتەوە و جارێکی دیکە بگەڕێتەوە سەر رێگەی راست.
لە رکابەرییەکانی گەڕی 33ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی دهۆک لەنێو یاریگا و هاندەرانی بەرامبەر یانەی نەفتی میسان یاریی دەکات، یانەکە لە دۆخیکی باشدا نییە و دەیەوێت سوود لە یاریگا و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی سێ خاڵی یارییەکە بباتەوە، هەر بۆ ئەوەش نرخی بلیتی یارییەکە بۆ تەنیا هەزار دینار کەمکراوەتەوە.
دهۆک لە دوایین 10 یارییدا تەنیا 2 یاریی بردووەتەوە، لە یاریی رابردوودا سەرەڕای ئەوەی ئاستێکی بەرزی بەرامبەر زەورا پێشکێشکرد، بەڵام یەکسانبوو و بە خاڵێکەوە لە بەغدا گەڕایەوە.
پێش ئەنجامدانی ئەم یارییە یانەی دهۆک لە پلەی دەیەمی ریزبەندی خولەکەیە بە 42 خاڵ، یانەکە بەرامبەر یانەیەک یاریی دەکات کە شەڕ بۆ مانەوە لە خولەکەدا دەکات.
نەفتی میسان لەم وەرزەدا تەنیا 6 یاریی بردووەتەوە، لە یاریی رابردوودا بەرامبەر زاخۆ دۆڕاوە، تیپەکە ئێستا لە پلەی هەژدەیەمی ریزبەندی خولەکەیە و رکابەری لە پێناو مانەوە لە خولەکەدا دەکات.
لەبارەی دۆخی دارایی یانەکە شڤان محەممەد، بەرپرسی راگەیاندنی یانەی دهۆک بە رووداو سپۆرتسی گوت "ئەمڕۆ پێشنیازی وەرگرتنی مووچەیەک بۆ یاریزانەکان کراوە، بەڵام یاریزانانی یانەی دهۆک ئامادەنەبوون یەک مووچە وەربگرن، جگە لەوەش تەنیا تیپی خولی ئەستێرەکانی عێراقمان نییە، بەڵکو تیپی خولی کوردستانیش بەهەمان شێوە ماوەیەکی زۆرە مووچەکانیان وەرنەگرتووە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ