71 هەزار واژۆ بۆ دەرکردنی ئێمباپێ لە ریال مەدرید کۆکراوەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بە ناونیشانی 'بڕۆ ئێمباپێ' زیاتر لە 71 هەزار هاندەری مەدریدی واژۆ لەسەر داواکارییەک دەکەن بۆ دەرکردنی دەستبەجێی کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی فەرەنسی لە یانەی شاهانە.
لە پێشهاتێکی بێوێنەدا، شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان دژی کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی فەرەنسی گەیشتە ئاستێکی پێوانەیی، دوای ئەوەی داواکارییەکی ئەلیکترۆنی بۆ داواکردنی رۆیشتنی لە ریال مەدرید بڵاوکرایەوە، کە لە ماوەی چەند کاژێرێکدا زیاتر لە ٧١ هەزار واژۆی کۆکردەوە؛ ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئەو ئەستێرەیە لەم وەرزەدا لە 41 یارییدا41گۆڵی بۆ ریال مەدرید تۆمارکردووە.
هاشتاگی 'ئێمباپێ بڕۆ دەرێ' تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داگیردەکات
هاندەرانی مەدرید لەڕێگەی پلاتفۆرمەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە داواکارییەکیان بڵاوکردەوە، کە هاشتاگی 'Mbappé Out'ـی پێوە بوو و بەشێوەیەکی بەرفراوان بڵاوبووەوە. واژۆکان بەخێرایی لە ئامانجە سەرەتاییەکە، کە 50 هەزار واژۆ بوو تێپەڕیان کرد و لە کاتێکی کەمدا گەیشتە 71 هەزار واژۆ.
ئەم هەڵمەتە گوزارشت لە تووڕەییەکی زۆری هاندەران دەکات بەرامبەر یاریزانە فەرەنسییەکە، سەرەڕای ئاستە هێرشبەرییە نایابەکەی لەو کاتەوەی لە هاوینی رابردوودا بە گرێبەستێکی ئازاد لە پاریس سانجێرمانەوە پەیوەندی بە یانەی شاهانەوە کردووە.
ژمارەکان سەرسوڕهێنەرن.. بەڵام بەس نین
لەسەر ئاستی وەرزشی، ئامارەکانی ئێمباپێی تەمەن 26 ساڵ، بەهەموو پێوەرەکان جێگەی سەرسوڕمانن؛ لە41 یارییدا لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا 41 گۆڵی تۆمارکردووە، تێکڕایی گۆڵەکانی نزیک دەبێتەوە لە گۆڵێک بۆ هەر یارییەک، جگە لە بەشدارییە کاریگەرەکانی لە زۆر لە سەرکەوتنە گرنگەکاندا.
بەڵام وادیارە تەنیا ژمارەکان بەس نین بۆ رازیکردنی هاندەرانی یانەی شاهانە، کە چاوەڕوانی زیاتر لە تەنیا گۆڵ لەو یاریزانە دەکەن.
هۆکارەکانی پشت شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان دژی ئێمباپێ زۆرن، لەوانە تێوەگلانی یاریزانەکە لە چەندین کێشەی میدیایی و کەسی کە دەنگۆیەکی زۆریان نایەوە، هەروەها پێکانە بەردەوامەکانی لە قۆناخە یەکلاکەرەوەکانی وەرزەکەدا، و بێئومێدی هاندەران کە چاوەڕێیان دەکرد ئەستێرەیەکی وەک ئێمباپێ سەرکردایەتی تیپەکە بکات نەک تەنیا گۆڵ تۆماربکات.
وەرزێکی بێ نازناو گوشارەکان زیاد دەکات
ئەم تووڕەییەی هاندەران لە چوارچێوەی وەرزێکی کارەساتباردایە بۆ ریال مەدرید، کە رووبەڕووی ئەگەری کۆتاییهاتنی وەرزەکە بێ هیچ نازناوێک دەبێتەوە بۆ یەکەمجار لە دوای چەندین ساڵ، ئەمەش دوای کرانە دەرەوەی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا بەرامبەر بایرن میونشن و پاشەکشەی لە خولی ئیسپانیا بەرامبەر بارسێلۆنا.
یانەکە بەرگری دەکات.. کارگێڕیش بێدەنگە
تاوەکو ئێستا کارگێڕیی ریال مەدرید هیچ لێدوانێکی فەرمی سەبارەت بەو داواکارییە یان شەپۆلی ناڕەزایەتییانە نەداوە، لەکاتێکدا ستافی تەکنیکی بەردەوامن لە دووپاتکردنەوەی گرنگی ئێمباپێ بۆ پڕۆژە وەرزشییەکەیان.
لە لایەکی دیکەوە، ئێمباپێ بەرامبەر بەم هەڵمەتە بێدەنگە و تەواوی سەرنجی خستووەتە سەر چاکبوونەوە لە پێکانەکەی و گەڕانەوەی بۆ نێو یاریگاکان لە زووترین کاتدا.
ئەمە یەکەمجار نییە کە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ هەڵمەتی هاندەران دژی ئەستێرە گەورەکان بەخۆوە دەبینێت، پێشتریش یاریزانانی وەک کریستیانو رۆناڵدۆ، گاریس بەیڵ و ئێدین هازارد رووبەڕووی فیکەی ناڕەزایەتی و رەخنەی تووندی هاندەرانی مەدرید بوونەتەوە.