رووداو دیجیتاڵ
یانەی دهۆک لە یاریگای خۆی بە ئەنجامی 2-1 لە نەفتی میسانی بردەوە، لە کاتێکدا یانەی نەورۆز لە سلێمانی بە 3 گۆڵی بێوەڵام بەرامبەر شورتە دۆڕا و نەیتوانی سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت.
یانەی دهۆک لە نێو یاریگای خۆی میوانداری یانەی نەفتی میسانی کرد، یارییەکە بە پێشکەوتنی میوانەکان دەستی پێکرد، دێمی داودە لە خولەکی 40ـی یارییەکەدا بە لێدانی سزا گۆڵی یەکەمی بۆ نەفتی میسان تۆمارکرد، گێمی یەکەم بەو ئەنجامە کۆتاییهات.
لە نیوەی دووەمدا، یانەی دهۆک گەڕایەوە نێو کەشوهەوای یارییەکە و پیتەر کۆرکیس، ئەستێرەی یانە زەردپۆشەکە توانی دوو گۆڵ لە خولەکەکانی 48 و 69 تۆمار بکات و سێ خاڵی گرنگ بۆ دهۆک مسۆگەر بکات. یارییەکە بە ئەنجامی 2-1 لە بەرژەوەندی دهۆک کۆتاییهات، هەروەها لە خولەکی 95ـی دوایین ساتەکانی یارییەکەدا، سەجاد جەبار، یاریزانی نەفتی میسان بە کارتی سوور کرایە دەرەوە.
لە یارییەکەی نەورۆز، یانەی نەورۆز لەسەر یاریگای خۆی لە سلێمانی، میوانداری یانەی شورتە کرد، نەورۆز نەیتوانی رێگری لە هێرشەکانی شوڕتە بکات، یارییەکەی بە ئەنجامی 0-3 دۆڕاند.
گۆڵەکانی شوڕتە لە کاتە هەستیارەکاندا تۆمارکران، مستەفا سەعدون لە خولەکی 5+45ـی کۆتایی گێمی یەکەم گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد، لە گێمی دووەمدا ئەحمەد یەحیا لە خولەکی 57 گۆڵی دووەمی تۆمارکرد، بۆلی جۆنیۆر سامبۆ لە خولەکی 1+90ـی دوایین ساتەکانی یارییەکەدا گۆڵی سێیەمی تۆمارکرد.
بەم ئەنجامانە، دهۆک ئێستا لە پلەی دەیەمی ریزبەندی دێت بە کۆکردنەوەی 45 خاڵ، یانەی نەورۆزیش دوای ئەم شکستە بە 47 خاڵ نۆیەمی ریزبەندی خولەکەی گرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ