ئارسیناڵ لە ئاتلێتیکۆی بردەوە و دوای 18 ساڵ گەیشتەوە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ

رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئارسیناڵ، بە فەرمی بلیتی گەیشتنە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگی بڕی، دوای ئەوەی لە یارییەکی پڕ لە ململانێدا لە یانەی ئاتلێتیکۆ
مەدریدی ئیسپانی بردەوە.
 
کوڕانی میکێل ئارتێتا، لەسەر یاریگەی 'ئیماراتس' و لەبەردەم هاندەرانیاندا، توانییان بە ئەنجامی (1-0) لە کوڕانی دیێگۆ سیمیۆنی ببەنەوە. بەمەش بە کۆی
ئەنجامی هەردوو یاری چوون و هاتن (2-1) گەیشتنی خۆیان بۆ یاریی کۆتایی بووداپێست مسۆگەر کرد.
 
ساتە یەکلاکەرەوەکە لە دوایین خولەکەکانی گێمی یەکەمدا بوو؛ کاتێک لیاندرۆ ترۆسارد لێدانێکی بەهێزی ئاڕاستەی گۆڵی ئاتلێتیکۆ کرد و گۆڵپارێز گەڕاندیەوە، بەڵام بوکایۆ ساکا لە کاتی گونجاودا لەوێ بوو و تۆپەکەی کردە ناو تۆڕی گۆڵەوە، ئەو گۆڵە تاقانەیەی کە بەس بوو بۆ ئەوەی گانەرز  بنێرێتە یاریی کۆتایی.
 
ئەمە دووەمجارە لە مێژووی ئارسیناڵدا دەگاتە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ، دوای ئەوەی دوایین جار لە ساڵی 2006 گەیشتبووە ئەو قۆناخە. ئێستا ئارسیناڵ چاوەڕێی براوەی نێوان پاریس سانجێرمان و بایرن میونشن دەکات بۆ ئەوەی لە یاری کۆتاییدا رووبەڕووی ببێتەوە.
 
لە رووی تەکتیکییەوە، ئارسیناڵ نمایشێکی بەرگریی تۆکمەی پێشکێش کرد. ویلیام سالیبا لە هێڵی بەرگری و داڤید رایا لە نێو گۆڵدا، رێگەیان نەدا هێرشەکانی ئاتلێتیکۆ بگەنە ئامانج. لە هێڵی ناوەڕاستیشدا، دێکلان رایس و مایلز لویس سکیڵی لاو، کۆنتڕۆڵی ناوەڕاستیان کردبوو.
 
یارییەکە بێ گرژی نەبوو؛ دیێگۆ سیمیۆنی، راهێنەری ئاتلێتیکۆ، بەهۆی ناڕەزایەتییە بەردەوامەکانی بەرامبەر بڕیارەکانی ناوبژیوان، کارتی زەردی وەرگرت. 
 
ئارسیناڵ ئێستا بە ورەیەکی بەرزەوە بەرەو هەنگاوی کۆتایی و خەونی بەدەستهێنانی یەکەم نازناوی چامپیۆنزلیگ لە مێژوویدا
هەنگاو دەنێت، کە بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا لە شاری بووداپێستی پایتەختی هەنگاریا بەڕێوەبچێت.