ڤیدیۆ؛ جۆکۆڤیچ بردنەوەیەکی دراماتیکیی تۆمارکرد و گەیشتە پێشکۆتایی رۆڵاند گارۆس
رووداو دیجیتاڵ
دوای زیاتر لە سێ کاژێر رکابەریکردن، نۆڤاک جۆکۆڤیچ، ئەستێرەی سێربی دواکەوتنی بۆ بردنەوە گۆڕی و خۆی گەیاندە قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتیی رۆڵاند گارۆس.
جۆکۆڤیچ و ئەلیکساندەر زڤێرێڤ لە یاریی لووتکەی قۆناخی هەشت رووبەڕووی یەکبوونەوە، یارییەکە بەهێزێکی زۆری هەردوولاوە دەستیپێکرد، تێنسزانە ئەڵمانییەکە بە شەش چوار کۆمەڵەی یەکەمی بردەوە و پێشکەوت.
لە کۆمەڵەی دووەمدا نۆڤاک بە ئاستێکی باشترەوە دەرکەوت و توانیی بە شەش سێ ئەنجامەکە راستبکاتەوە و رکابەرییەکەی گەڕاندەوە خاڵی سەرەتا.
لە کۆمەڵەی سێیەمدا هەردوولا سەرەتا لە یەکەوە نزیکبوون، بەڵام جۆکۆڤیچ پێشکەوت و بە شەش دوو ئەو کۆمەڵەیەشی لە بەرژەوەندی خۆی یەکلاکردەوە.
نۆلێ لەسەر ئاستە بەرزەکەی بەردەوامبوو، کۆمەڵەی چوارەم رکابەرییەکەی سەرنجڕاکێشتر کرد، ئەزموونی تێنسزانە سێربییەکە سەرکەوت و ئەو کۆمەڵەیەشی بە شەش چوار بردەوە و لە ماوەی سێ کاژێر و 17 خولەکدا نۆڤاک جۆکۆڤیچ خۆی گەیاندە قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
تێنسزانە 37 ساڵە دوو یاری لە بردنەوەی 25ـەمین نازناوی گراندسلامەوە دوورە، سبەی لە قۆناخی پێشکۆتاییدا بەرامبەر پێشەنگی ریزبەندی جیهان، یانیک سینێری ئیتاڵی یاری دەکات.