زمانی ژمارە.. رۆناڵدۆ یاری بە مێژوو دەکات
رووداو دیجیتاڵ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ سەرکردایەتیی هەڵبژاردەی پۆرتوگالی کرد بۆ گەیشتن بە یاریی کۆتایی نەیشنسلیگ، دوای ئەوەی ریمۆنتادایان بەرامبەر هەڵبژاردەی ئەڵمانیا تۆمارکرد.
یاریی یەکەمی قۆناخی پێشکۆتایی نەیشنسلیگ لەنێوان هەردوو هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و پۆرتوگال لەسەر یاریگەی ئالیانز ئارێنا بەڕێوەچوو، پۆرتوگال شەوێکی مێژوویی و گەورەی بەڕێکرد و گەیشتە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
سەرەتا لە خولەکی 48 فلۆریان ڤیرتز گۆڵێکی بۆ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا تۆمارکرد و خاوەن یاریگە پێشکەوت.
دوای ئەوە رۆبێرتۆ مارتینێز چەند گۆڕانکارییەکی لە پێکهاتەکەیدا کرد و دوای 5 خولەک لە هاتنە ناوەوەی بۆ نێو یاریگە، چیکۆ کۆنسێساو بە جوانترین شێوە و لە دەرەوەی ناوچەی سزا ئەنجامەکەی بۆ پۆرتوگال یەکسانکردەوە.
پاشان پۆرتوگال گوشاری زۆری خستە سەر گۆڵی تێرشتیگن و لە خولەکی 68 کریستیانۆ رۆناڵدۆ گۆڵی دووەمی بۆ هەڵبژاردەکە تۆمارکرد.
پۆرتوگال یارییەکەی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە، بۆ دووەمجار لە مێژوویدا گەیشتە یاریی کۆتایی نەیشنسلیگ و بەرامبەر براوەی یاریی نێوان فەرەنسا و ئیسپانیا رکابەری لەسەر بردنەوەی دووەم نازناوی پاڵەوانێتییەکە دەکات.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، لەم وەرزەدا بەشێوەیەکی گشتی 42 گۆڵی تۆمارکردووە، سەرەڕای ئەوەی تەمەنی بووەتە 40 ساڵ، سەرکردە پیرەکەی پۆرتوگال لەگەڵ هەڵبژاردەکە بووە خاوەنی 137 گۆڵ، لە دوای تەمەنی 30 ساڵییەوە 85 گۆڵی بۆ هەڵبژاردەکە کردووە و بەشێوەیەکی گشتیش بووە خاوەنی 937 گۆڵ لە کاروانی یارییکردنیدا.
پێش کریستیانۆ رۆناڵدۆ، هەڵبژاردەی پۆرتوگال هیچ یارییەکی کۆتایی بەخۆیەوە نەبینیبوو، لە دوای کریستیانۆ رۆناڵدۆوە، ئەمە چوارەمجارە هەڵبژاردەکە دەگاتە یاریی کۆتایی و نازناوێکی یۆرۆ و نەیشنسلیگی بۆ تیپەکەی بردووەتەوە و ئێستا لە بەردەم هەلێکی دیکەی مێژوویدایە بۆ بردنەوەی نازناوێکی دیکە.