دز هەڵیکوتایە سەر ماڵی یاریزانێکی پاریس سانجێرمان
رووداو دیجیتاڵ
لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، تەنیا دوای دوو رۆژ لە بەدەستهێنانی چامپیۆنزلیگ، دوو دز دەستگیرکران کە هەڵیانکوتابووە سەر ماڵی فابیان لویز بەمەبەستی دزیکردن.
بەپێی سەرچاوەکانی نزیک لە یانە فەرەنسییەکە، رووداوەکە دوو رۆژ دوای یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ روویداوە کاتێک ناوەڕاستکارە ئیسپانییەکە سەرقاڵبووە بە ئاهەنگگێڕان لەگەڵ تیپەکەی.
بەرەبەیانی رۆژی شەممە دوو دز بەژێرزەویدا خۆیان گەیاندووەتە ماڵەکەی فابیان لویز، لەو کاتەدا نە فابیان و نە خانەوادەکەی هیچ کامیان لەماڵەوە نەبوون، دزەکان چوونەتە ژوورەوە بۆ ئەوەی پارە و خشڵی گرانبەها بدۆزنەوە، بەڵام سەرئەنجام ماڵەکە دەستکاری نەکراوە و دزەکان هیچ شتێکی ئەوتۆیان نەدۆزیوەتەوە.
ئەمە یەکەمجار نییە کە یاریزانانی پاریس سانجێرمان رووبەڕووی دزی لێکردن دەبنەوە، چەندین یاریزان و خانەوادەکانیان لە پاریس تووشی رووداوی دزیکردن و تاڵانکاری هاتوون، لەوانە یاریزانی ئیکوادۆری ویلیام پاچۆ، هەروەها خانەوادەی بەرگریکاری بەرازیلی، مارکینیۆس، کە کەیسەکەی زۆر هەڕەشەئامێز بوو، هەروەها یاریزانی ئەرجەنتینی ئەنخێل دی ماریا.