راهێنەری فەرەنسا ناوی ئەو یاریزانەی ئاشکراکرد کە بۆ خەڵاتی باڵۆندۆر دەنگی پێدەدات
رووداو دیجیتاڵ
دیدێ دیشام، راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا، دەنگدانی خۆی بەبەربژێری شایستە بۆ بردنەوەی باڵۆندۆری ئەمساڵ راگەیاند.
دیشام کە ئەمشەو دەوێت لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا بەسەر ئیسپانیادا سەربکەوێت و بگاتە یاریی کۆتایی نەیشنسلیگ، رایگەیاند، بایەخ بەوە نادات کێ باڵۆندۆری ئەمساڵ دەباتەوە، بەڵام پشتگیری عوسمان دێمبێلێ یاریزانی هەڵبژاردەکەی دەکات بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتەکە.
دیشام دەڵێ، عوسمان شایستەی باڵۆندۆرە، وەک رێز بەرامبەر ئەو کاروانەی ئەمساڵ هەیبوو.
ئەو زیاتر دەڵێ، دەکرێ نازناوی نەیشنسلیگ، هەروەها مۆندیالی یانەکانیش کاریگەری لەسەر براوەی خەڵاتەکە دروست بکات.
راهێنەری فەرەنسا دەڵێ، "باسی لامین یامال ناکەم، لەبەرئەوەی ئەوە مانای ئەوەیە بەراوردی دەکەم بە دێمبێلێ، بەڵام ئەگەر ناچاربم لەنێوان ئەو دووانەدا هەڵبژێرم، بەدڵنیاییەوە و بەڕێژەی سەدا سەد، دەنگ بە عوسمان دەدەم".
ئەو ئاماژەی بەوەداوە، "ئەگەر لە میدیای ئیسپانیا بپرسیت، پێموانییە هەمان شت بڵێن، یاریی ئەمشەوی نێوان فەرەنسا و ئیسپانیا دەکرێ کاریگەریی لەسەر ناوی براوەکە دروست بکات".
بەڵام وەک دیشام دەڵێ، "بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئەمساڵ پێشکێشی کردووە، عوسمان شایستەی باڵۆندۆرە و هیواداریشم هەر ئەوە رووبدات".
دێمبێلێ لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمان، چوارینەی، جام و سوپەری فەرەنسا، لیگ ئا و چامپیۆنزلیگی بەدەستهێناوە، هەروەها لەگەڵ یانەکەی بەشداری لە مۆندیالی یانەکاندا دەکات لە هاوینی ئەمساڵدا لە ئەمریکا.
هەرچی لامینە، خاوەنی سیانەی ناوخۆی ئیسپانیایە لەگەڵ بارسێلۆنا، جام، سوپەر و لالیگا، بەڵام بارسێلۆنا لە مۆندیالی یانەکان بەشدارنییە.
عوسمان و لامین، ئەمشەو لە رووبەڕووبوونەوەی هەردوو هەڵبژاردەی ئیسپانیا و فەرەنسا لە نەیشنسلیگ بەیەکدەگەن.