رۆناڵدۆ پاڵپشتی دەکات.. نەسڕ داوای ئەستێرەیەکی ریال مەدرید دەکات
رووداو دیجیتاڵ
یانەی نەسڕی سعودی بیر لە گواستنەوەی ئەستێرەیەکی یانەی ریال مەدرید دەکاتەوە و کریستیانۆ رۆناڵدۆش پاڵپشتیی بیرۆکەی گواستنەوەی دەکات.
کارگێڕیی یانەی نەسڕی سعودی بە ئامانجی بەهێزکردنی پێکهاتەکەی بۆ وەرزی داهاتوو، بیر لە گرێبەستکردن لەگەڵ رۆدریگۆ، ئەستێرەی بەرازیلی و یانەی ریال مەدرید دەکات و پەیوەندیی بە دەورووبەری یاریزانەکەشەوە کردووە بۆ ئەوەی زانیاریان لەبارەی هەنگاوەکانی گواستنەوە و رێکارەکانی دەستبکەوێت.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، یانەی نەسڕ ئامادەیە لاپەرەی سپی بخاتە بەردەم رۆدریگۆ بۆ ئەوەی رازی ببێت پەیوەندی بە یانەکەوە بکات و هاوشانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ دووانەیەکی بەهێز لە هێڵی پێشەوەی یانەکەدا دروستبکەن، کریستیانۆ رۆناڵدۆش پاڵپشتیی بیرۆکەی گرێبەستکردن لەگەڵ ئەو یاریزانە دەکەن.
کەسە نزیکەکانی رۆدریگۆ وەڵامێکی ئەرێنی یانە سعودییەکەیان نەداوەتەوە و پێیان راگەیاندووە، بژاردەی یەکەمی رۆدریگۆ یاریکردنە لە پرێمەرلیگ.
ئەمە لەکاتێکدایە، ماوەیەکی زۆرە ناوی رۆدریگۆ بە یانەی ئارسیناڵەوە بەستراوەتەوە و یانەکە ئامادەیە تاوەکو 90 ملیۆن یۆرۆ بۆ گواستنەوەی بداتە ریال مەدرید.
رۆدریگۆ لەگەڵ یانەی ریال مەدرید بۆ مۆندیالی یانەکان لە ئەمریکایە، بەڵام چابی ئەلۆنسۆ پشتی پێنابەستێت و لە چوار یارییدا تەنیا 88 خولەک یارییکردووە، بەمەش ئەگەری چوونە دەرەوەی یاریزانەکە لە یانەی شاهانە زیاتر دەبێت.
بەر لە یاریی ئەمشەوی ریال مەدرید بەرامبەر بۆرووسیا دۆرتموند، چابی ئەلۆنسۆ گوتی "قسەم لەگەڵ رۆدریگۆ کردووە، ئەو ئامادەیە بۆ هەر کاتێک کە پێویستمان پێیەتی."
گرێبەستی رۆدریگۆی 24 ساڵ لەگەڵ یانەی ریال مەدرید لە هاوینی 2028 کۆتاییدێت، نرخی یاریزانەکە لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا دەگاتە 90 ملیۆن یۆرۆ.