ئانفێڵد لە فرمێسکدا؛ لیڤەرپوول بە وەفادارییەکەی بۆ جۆتا جیهان سەرسام دەکات
رووداو دیجیتاڵ
لە هەڵوێستێکی سەرنجڕاکێشدا، یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی وەفاداری خۆی بەرامبەر دیۆگۆ جۆتا، ئەستێرەی کۆچکردووی یانەکەی دووپاتدەکاتەوە و مووچەی دوو ساڵی داهاتووی یاریزانەکە دەداتە هاوژینی ئەو یاریزانە.
رۆژنامەی ریکۆردی پۆرتوگالی هەواڵەکەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت "یانە ئینگلیزییەکە بڕیاریداوە مووچەی دوو ساڵی ماوەی گرێبەستی دیۆگۆ جۆتا بداتە هاوینەکەی"، ئەمەش وەکو وەفادارییەک بۆ ئەو ماوەیەی یاریزانەکە بەدرێسی سووری یانەکەوە یارییکردووە.
میدیای بەریتانیا دەڵێت "جگە لەوەی لیڤەرپوول مووچەی دوو ساڵی داهاتووی یاریزانەکە دەداتە هاوژینەکەی، یانەکە سندووقێکی هاوکاریش دەکاتەوە بۆ ئەوەی گەرەنتی خوێندنی منداڵەکانی دیۆگۆ بکات."
ئەمە یەکەم هەنگاوی لیڤەرپوول نییە دوای گیان لەدەستدانی دیۆگۆ جۆتا، لەکاتێکدا رۆژی پێنجشەممە لە دوای رووداوەکە، یانە ئینگلیزییەکە لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا رایگەیاند، وەکو رێزێک بۆ یاریزانەکە بۆ هەتا هەتایە درێسی ژمارە 20 هەڵدەگرێت و ناداتە هیچ یاریزانێکی دیکە.
دیۆگۆ جۆتا بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە ئیسپانیا، لەگەڵ ئاندرێی برای گیانی لەدەستدا، رووداوەکە کاردانەوەیەکی زۆر گەورەی لەسەر ئاستی هەموو جیهان دروستکرد، لە یاریگەی ئانفێڵد ئەستێرەکانی لیڤەرپوول، تۆپی پێی ئینگلتەرا و هەزاران هاندەر چوونە بەردەم بارەگای یانەکە و تاجە گوڵینەیان بۆ رێزگرتن لە کاروانی دیۆگۆ جۆتا دانا.
دیۆگۆ جۆتا، لە دایکبووی 4-12-1996 بوو و تەمەنی 28 ساڵ بوو، یاریزانەکە دوو ساڵ گرێبەستی لەگەڵ یانەی لیڤەرپوول مابوو بەر لەوەی لە رووداوەکەدا گیان لەدەستبدات.
گیان لەدەستدانی جۆتا، تۆپی پێی جیهانی خەمبار کرد، هەزاران وەرزشڤان و یاریزانی تۆپی پێ، یانە و هاندەران لە رێگەی جیاوازەوە هاوخەمی خۆیان بۆ گیان لەدەستدانی ئەو یاریزانە پێشاندا.