وردەکاریی دوایین پەیوەندیی تەلەفۆنیی جۆتا پێش رووداوە دڵتەزێنەکە
رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان وردەکاریی دوایین پەیوەندیی دیۆگۆ جۆتای کۆچکردوو، ئەستێرەی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی، پێش گیانلەدەستدانە دڵتەزێنەکەی لەگەڵ براکەیدا لە رۆژی پێنجشەممەی رابردوودا، ئاشکرا کرد.
جۆتا، شانبەشانی براکەی ئاندرێ سیلڤا، لە رووداوێکی هاتووچۆدا کە لە کاژێرە سەرەتاییەکانی بەیانیی رۆژی پێنجشەممە لە ئیسپانیا روویدا، گیانیان لەدەستدا.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، جۆتای تەمەن 28 ساڵ، لەڕێگەی گەڕانەوەیدا بووە بۆ ئینگلتەرا، بەدیاریکراوی بۆ شاری لیڤەرپوول، تاوەکو پەیوەندی بە ئامادەکارییەکانی یانەکەیەوە بکات بۆ وەرزی نوێ.
ئەو بە ئۆتۆمبێلەکەی گەشتی کرد، لەبەرئەوەی پێشتر لەلایەن پزیشکەوە ئامۆژگاری کرابوو کە بەهۆی نەشتەرگەریی سییەکانییەوە ماوەیەک بە فڕۆکە گەشت نەکات.
ئالڤارۆ سێرکێرا، سەرۆکی یانەی وەرزشیی گۆندۆمار، ئەو کەسەیە کە هێرشبەرە کۆچکردووەکەی لیڤەرپوول دوا پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ ئەو بووە.
دوای گیانلەدەستدانی هێرشبەرەکەی هەڵبژاردەی پۆرتوگال، سێرکێرا لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی Jornal de Noticias ئاشکرایکرد کە چەند کاژێرێک پێش رووداوەکە قسەی لەگەڵ یاریزانەکەدا کردووە.
ئەو لەو بارەیەوە گوتی "کاژێر کەمێک لە دەى شەو تێپەڕیبوو، لەڕێگەی تەلەفۆنەوە قسەمان دەکرد و دۆخی زۆر باش بوو، نزیکەی هەموو هەفتەیەک قسەمان دەکرد و دەمزانی کە کاتێکی خۆش بەڕێدەکات. کاتێک دیۆگۆ پێویستی بە راهێنان بوو لە ماوەی پشووەکاندا، داوای دەکرد بێتە ئێرە و ئێمەش هەموو پێداویستییەکمان بۆ دابین دەکرد. براکەشی دەهات و پێکەوە مەشقیان دەکرد. قسەکردن لە کاتێکی وەهادا قورسە، بەڵام ئەوەی دەمێنێتەوە وێنەی دوو مرۆڤی زۆر خاکی و خۆبەگەورەنەزانە، کە بۆشاییەکی گەورەیان جێهێشت".
دیۆگۆ جۆتا لە ئاستە جیاوازەکانی تەمەندا بۆ یانەی وەرزشیی گۆندۆمار یارییکردووە، پێش ئەوەی لە ساڵی 2013 پەیوەندی بە یانەی پاکۆس دی فێرێرای پۆرتوگالییەوە بکات. دواتر ئەزموونی پیشەگەری لەگەڵ یانەکانی پۆرتۆ و وۆڵڤەرهامپتۆندا هەبوو، پێش ئەوەی بگوازرێتەوە بۆ لیڤەرپوول.
جۆتا بەشێک بوو لەو پێکهاتەیەی لیڤەرپوول کە نازناوی پرێمیەرلیگی وەرزی 2024-2025ـی بەدەستهێنا، و توانی لە 26 یارییدا 9 گۆڵ تۆماربکات و چوار گۆڵیش دروست بکات.
گیانلەدەستدانی دیۆگۆ کاردانەوە و شۆکێکی گەورەی لەنێو کۆمەڵگەی تۆپی پێدا دروست کرد و پەیامی سەرەخۆشی لە هەموو لایەکی جیهانەوە ئاراستە کران.
یاریزانە تەمەن 28 ساڵەکە بەم دواییانە نازناوی نەیشنسلیگی لەگەڵ هەڵبژاردەی پۆرتوگال بەدەستهێنابوو، دوای ئەوەی لە یاریی کۆتاییدا بە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە لە ئیسپانیایان بردەوە.