ئەلۆنسۆ یاریزانێک لە مەشقەکانی ریال مەدرید دەردەکات

رووداو دیجیتاڵ

 

رەفتارێکی چاوەڕواننەکراو لە یاریزانێکەوە گرژییەکانی نێو ریال مەدرید زیاد دەکات، کە چابی ئەلۆنسۆی راهێنەر لێی تووڕە دەبێت و لە مەشقەکان دووری دەخاتەوە، دەنێرێتە ماڵەوە و پێیدەڵێت "جارێ بڕۆ، تاوەکو بەیەکجاری دەرتدەکەم".
 
لەگەڵ دەستپێکردنی ئامادەکارییە کۆتاییەکان بۆ وەرزی نوێ، یانەی ریال مەدرید لە کەشێکی پڕ لە گرژیدا لەپشت پەردەوە دەستی بە راهێنانەکانی کرد. هۆکارەکەشی بڕیارێکی هونەریی پێشوەختە بوو کە پرسیاری زۆری لەسەر داهاتووی دانی سیبایۆسی یاریزانانی تیپەکە دروست کرد، کە رووبەڕووی مامەڵەیەکی نائاسایی لەلایەن راهێنەری نوێ، چابی ئەلۆنسۆوە بووەوە.
 
هەرچەندە لە سەرەتای ئامادەکارییەکاندا کەشی گشتی ئەرێنی دەردەکەوت، بەڵام سیبایۆس هەر زوو هۆشداری پێدرا، کە لەوانەیە ئاماژەیەکی روون بێت بۆ دەرچوونی لە پلانەکانی راهێنەر، ئەمەش دوای هەڵوێستێکی دیسیپلینی کە چاوپۆشی لێنەکرا.
 
سەرچاوەکانی ناوخۆی یانەکە جەختیان لەوە کردەوە کە راهێنەرە ئیسپانییەکە دوودڵ نەبووە لە سزادانی دانی سیبایۆسی یاریزانانی هێڵی ناوەڕاست، کە لە پەیوەندیکردن بە یەکەم یەکەی راهێنان دواکەوت. ئەمەش چەندین پرسیاری سەبارەت بە داهاتووی لە یاریگەی بێرنابیۆ دروست کرد.
 
دانی سیبایۆس، کە هێشتا چارەنووسی نادیارە لەکاتێکدا تەنیا چەند هەفتەیەکی کەم ماوە بۆ داخستنی بازاڕی گواستنەوەی هاوینە، دە خولەک دواکەوت لە گەیشتن بە یەکەم مەشقی ریال مەدرید، بەڵام کاردانەوەی ئەلۆنسۆ یەکلاکەرەوە بوو، کاتێک فەرمانی پێکرد راستەوخۆ بچێتە هۆڵی وەرزشی (جیم) وەک سزایەکی دیسیپلینی.
 
سەرەڕای ئەوەی دواتر گەڕاوەتەوە نێو کۆمەڵەکە، بەڵام ئەلۆنسۆ نەیهێستووە راهێنانەکەی تەواو بکات و پێیگوتووە "بڕۆ بۆ ماڵەوە، ئەگەر بەو شێوەیە بیت بەیەکجاری بەڕێت دەکەم"، کە ئەم هەنگاوە وەک ئاماژەیەکی یەکلاکەرەوە لەلایەن راهێنەرە باسکییەکەوە لێکدەدرێتەوە، کە وا دەردەکەوێت بڕیاری کۆتایی خۆی سەبارەت بە یاریزانەکە دابێت.
 
سیبایۆس، کە لە نیوەی دووەمی وەرزی رابردوودا لەژێر سەرپەرشتیی کارلۆ ئەنچێلۆتی توانیبووی بەشێک لە ئاستی خۆی بەدەست بهێنێتەوە، ئێستا جارێکی دیکە خۆی بە پەراوێزخراو دەبینێتەوە. یاریزانەکە تەنیا بۆ چەند خولەکێکی کەم لە جامی جیهانیی یانەکاندا بەشدار بوو، و لەگەڵ هاتنی ئەلۆنسۆوە وردە وردە هەموو ئەو پێشکەوتنەی بەدەستی هێنابوو لەدەستی دەدات.
 
سەرەڕای پێویستیی ریال مەدرید بە یاریزانێک کە توانای کۆنترۆڵکردنی ریتمی هێڵی ناوەڕاستی هەبێت، بەڵام ئەلۆنسۆ سیبایۆس وەک بژاردەیەکی گونجاو نابینێت. ئەمەش گورزێکی بەهێزە بۆ یاریزانە ئەندەلووسییەکە، کە هەمیشە چاوەڕوانی دەرفەتێک بووە بۆ درەوشانەوەی بەدرێسی مێرینگییەوە.
 
چابی ئەلۆنسۆ هەڵوێستی خۆی نەشاردووەتەوە و بە یاریزانەکەی راگەیاندووە کە دەبێت لە "لوتکەی ئامادەیی جەستەیی"ـدا بێت، ئەگەرنا یانەکە جێدەهێڵێت. لە بەرامبەردا، سیبایۆس دەزانێت کە مانەوەی بەندە بە توانای سەلماندنی خۆی بەخێرایی، یان دۆزینەوەی گرێبەستێکی گونجاو لە دەرەوەی یانەکە، تاوەکو دەرگای رۆیشتنی بەبێ هیچ دەستکەوتێک بۆ یانەکە دابخرێت.