راهێنەرێکی بەرازیلیی هەڵبژاردەی عێراق گیانی لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ 

مارسیلۆ گالینا، راهێنەری گۆڵپارێزانی هەڵبژاردەی فوتساڵی عێراق دوێنێ شەو لە کاتی راهێنانی تیپەکە لە هۆڵی زانکۆی عاشوور لە بەغدا، لە نهۆمی سێیەمەوە  بەردەبێتەوە و گیان لەدەستدەدات.
 
هەڵبژاردەی فوتساڵی عێراق لەنێو کەمپێکی راهێنان و ئامادەکارییە بۆ پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە جامی نەتەوەکانی ئاسیا کە بڕیارە 18ـی ئەم مانگە لە سعودیە بەڕێوەبچێت، دەستەی راهێنەرانی هەڵبژاردەکە بەرازیلین و گرێبەستیان لەگەڵ یەکێتیی تۆپی پێی عێراق واژۆکردووە.
 
مارسیلۆ گالینا، سروشتی وابووە کە هەموو یەکەیەکی راهێنانەکانی بە ڤیدیۆ دیکیۆمێنت دەکرد، سەقفی ئەو هۆڵە دخراوەش بە ئاسن رۆپۆش کراوە، کاتێک ئەو راهێنەرە بەر لە مەشقەکان دەچێتە نهۆمی سەرەوە و دەیەوێت مۆبایلەکەی دانێت یەکسەر ئاسنی ژێر قاچی دەترازێت و بەردەبێتەوە، دوای رووداوەکەش گیانی لەدەستدەدات.
 
عودەی سەبار، بەرپرسی راگەیاندنی هەڵبژاردەی فوتساڵی عێراق، لەو بارەیەوە بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "مارسیلۆ گالینا، راهێنەری گۆڵپارێزانی هەڵبژاردەی فوتساڵی عێراق ویستی بچێتە سەرەوە، هاوکارەکانی رەتیانکردەوە بچێتە نهۆمی سەرەوە کە بنمیچەکەی بە ئاسن ووپۆشکراوە و هێشتا کارکردن لە تەواوکردنی تەواو نەبووە، لەکاتی رۆشتنیدا یەکێک لەو پلێتانە لەژێر پێیەوە خلیسکاوە بەهۆی ئەوەی کێشی زۆر بووە، هاوسەنگی لەدەست داوە و لە نهۆمی سێیەمەوە بۆ نهۆمی یەکەم بەهۆی بۆشایی بینا تەواونەکراوەکەوە کەوتووەتە خوارەوە. یاریزانەکان هەستیان بە رووداوەکە کرد و بەپەلە چوونە سەرەوە".
 
دوای رووداوەکە هەوڵدراوە چارەسەر بکرێت و گیانی رزگار بکرێت، بەڵام برینەکەی سەخت بووە و هەر لە رێگای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی کەڕامە لە ناوچەی کەرخ گیانی لەدەستداوە، موهەنەد عەبدولهادی، یاریزانی هەڵبژاردەکە لەو کاتەدا رادەکات بۆ رزگارکردنی راهێنەرەکە، بەڵام بەردەبێتەوە و ئەویش دەستی شکاوە و بریندارە.
 
جواو کارلۆس باربۆسا، راهێنەری هەڵبژاردەی فوتساڵی عێراق، دوای مردنی دڵتەزێنی مارسێلۆ جالینای راهێنەری گۆڵپارێز، کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ یاریزانەکان ئەنجامدا بۆ ئەوەی لەڕووی دەروونییەوە کاریگەری خراپی لەسەریان نەبێت. بەرپرسی راگەیاندنی تیپەکە لەو بارەیەوە روونیکردەوە "رووداوەکە ناخۆشە، بەڵام تیپەکە بەردەوامە لە ئامادەکارییەکانی بۆ یارییەکانی داهاتووی پاڵاوتنەکانی جامی ئاسیا لە سعودیە، راهێنەرمان خەختی لە یەکڕیزی و تێپەڕاندنی ئەو قۆناخە سەختە کردەوە".