ڤیدیۆ؛ بایرن و کەین لە بردنەوە ناوەستن

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرکەوتنەکانی یانەی بایرن میونشن لە بوندێسلیگادا بەردەوامن و ئەمجارە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە ئینتراخت فرانکفۆرتی بردەوە.
 
دوای تەنیا 15 چرکە لە دەستپێکردنی یارییەکە لویس دیاز گۆڵی پێشکەوتنی بۆ بایرن میونشن تۆمارکرد و یانەی میوان پێشکەوت.
 
لە خولەکی 27 هاری کەین بەلێدانێکی بەهێز گۆڵی دووەمی بۆ باڤارییەکان تۆمارکرد و ژمارەی گۆڵەکانی لەم وەرزەی بوندێسلیگادا گەیاندە 11 گۆڵ.
 
لە نیوەی دووەمدا کەین نزیکبوو گۆڵی سێیەم بکات، بەڵام ستوون رێگەی نەدا.
 
هێرشەکانی بایرن میونشن بەردەوامبوون و لویس دیاز لە هەوڵێکی تاکەکەسیدا گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی یانەکەی تۆمارکرد.
 
بایرن یارییەکەی بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە، شەشەم سەرکەوتنی لەسەریەکی بەدەستهێنا و بووە خاوەنی 18 خاڵ و لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولی ئەڵمانیایە.