ڤیدیۆ؛ بارسێلۆنا بەبێ لامین چاوی لە پێشەنگە

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا دەیەوێت بگەڕێتەوە پێشەنگی ریزبەندی لالیگا، کاتێک لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی سێڤییا یاری دەکات.
 
لە درێژەی یارییەکانی گەڕی هەشتەمی خولەکەدا، ئەمڕۆ ئێوارە کاژێر 17:15 یانەی بارسێلۆنا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر سێڤییا یاریی دەکات و دوای بردنەوەی ریال مەدرید لە ڤیاریال، یانەکە پێویستی بەبردنەوەیە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بچێتەوە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکە.
 
لە یارییەکەی ئەمڕۆدا لامین یامال، رافینیا، خوان گارسیا، فێرمین لۆپێز، گاڤی و ئاندرێ تێرشتیگن بەهۆی پێکانەوە ئامادەنابن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بارسا چاوی لە بردنەوەیەکی دیکەیە.
 
سێڤییا لە 7 گەڕی رابردوودا سێ بردنەوەی هەیە سێ یاریی دۆڕاندووە و لە یارییەکدا یەکسانبووە، یانەکە لە 10 یاریی رابردوودا لە بارسێلۆنای نەبردووەتەوە و دوایین بردنەوەی بەرامبەر ئەو یانەیە یاریی چوونی قۆناخی پێشکۆتایی جامی شا بووە لە 2020-2021.
 
بارسێلۆنا تاوەکو ئێستا لەم وەرزەی لالیگادا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، شەش بردنەوە و یەکسانبوونێکی هەیە و بەبردنەوەی یارییەکەی ئەمڕۆ یانەکە دەگەڕێتەوە پیشەنگی ریزبەندی لالیگا.