میدالیای شەرەف درایە ئەو یاریزانە کۆچکردووەی فەرەنسای لە مۆندیال کردە دەرەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی سەنیگال لە رێورەسمی پێشوازیکردن لە تەرمی پاپا دیۆپ، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەکەی ئامادەبوو و میدالیای شەرەفی پێشکێشکرد.
لە داکاری پایتەخت رێورەسمێکی گەورە بە ئامادەبوونی میکی سال وسام، سەرۆکی سەنیگال، بۆ بەڕێکردنی تەرمی ئەو ئەستێرەیەی پێشووی وڵاتەکە رێکخرا، بەر لە بەڕێکردنی بۆ گۆرستان، سەرۆکی وڵات میدالیای شەرەفی نیشتمانیی پێشکێشی یاریزانەکە کرد، وەک رێزێک بۆ ئەو کاروانەی لە یارییکردن بۆ هەڵبژاردەکە هەیبوو.
تەرمی یاریزانەکە دوای چەند رۆژێک لە کۆچی دواییکردنی بەهۆی نەخۆشییەوە لە فەرەنساوە گەڕێندرایەوە سەنیگال و لە رێورەسمێکی گەورەدا پێشوازیی لێکرا.
سەرۆکی سەنیگال لە گوتارەکەیدا گوتی، کارە گەورەکانت، تۆ هەرگیز نامریت، بۆ هەتا هەتایە لە یادگاریماندا دەمێنیتەوە، دەبێت رێز لە یادەوەرییەکانت دەگرین، بۆ ئەو رێزگرتنەش بڕیارمدا میدالیای شەرەف بە پلەی شێر پێت ببەخشم و مۆزەخانەیەکی تۆپی پێش بە ناوی تۆ بکەین، کە بەم نزیکانە لەنێو یاریگەی سەنیگال لە دیامنیادیۆ دەکەینەوە.
پاپا دیۆپ ئەو یاریزانەبوو لە قۆناخی کۆمەڵەکانی مۆندیالی 2002 گۆڵێکی لە فەرەنسا کرد و هەڵبژاردەی فەرەنسای لە مۆندیال دوورخستەوە.