ڤیدیۆ؛ بەرازیل ئەفسانەیەکی گەورەی بۆ هەتا هەتایە لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ

 

ماریۆ زاگالۆ، ئەفسانەی بەرازیلی، کە پێنج جار ریکۆردی گەیشتن بە یاریی کۆتایی جامی جیهانی بەناوی خۆیەتی، لە تەمەنی 92 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
 
زاگالۆ چوارجار جامی مۆندیالی بەرزکردووەتەوە. دووجار وەک یاریزان و دوو جاری دیکەش وەک راهێنەر، و یەکەم کەسیش بوو کە وەک یاریزان و راهێنەر جامی گرنگترین پاڵەوانێتی بباتەوە.
 
بۆ زۆر لە هاندەرانی تۆپی پێی بەرازیلی ناوی زاگالۆ هاوتای نیشتمانپەروەری، ئیرادە و شکۆمەندییە.
 
راگەیێندراوێک کە لە رێگەی ئەکاونتەکانی سۆشیال میدیای زاگالۆوە بڵاوبووەتەوە، بە "باوکێکی دڵسۆز، باپیرێکی خۆشەویست، زاوایەکی خەمخۆر، هاوڕێیەکی دڵسۆز، پیشەگەرێکی سەرکەوتوو و مرۆڤێکی گەورە وەسفکراوە.
 
لە درێژەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە "پاڵەوانێکی زەبەلاح و نیشتمانپەروەر، کە میراتێکی پڕ لە دەستکەوتی گەورەمان بۆ بەجێدەهێڵێت".
 
لە راگەیێندراوەکەدا هیچ وردەکارییەک لەبارەی بارودۆخی مردنەکەیەوە نەخراوەتەڕوو.
 
سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی بەرازیل، مردنی زاگالۆی پشتڕاستکردەوە و بە "یەکێک لە ئەفسانە گەورەکانی ئەم وەرزشە" وەسفی کرد.
 
زاگالۆ لە هەموو لاپەڕەیەکی گەورەی مێژووی تۆپی پێی بەرازیلدا رۆڵی هەبوو، لە یەکەم نازناوی جامی جیهانی لە ساڵی 1958 تاوەکو ئەو پاڵەوانێتییەی کە وڵاتەکەی لە ساڵی 2014 میوانداری کرد.
 
تیتێ، راهێنەری پێشووی هەڵبژاردەی بەرازیل سەردانی کرد بۆ ئەوەی گوێ لە ئامۆژگارییەکانی بگرێت پێش ئەوەی لە دوو جامی جیهانی رابردوودا سەرکردایەتی تیپەکەی بکات.
 
زاگالۆ هێرشبەری هەڵبژاردەی بەرازیل بوو کاتێک لە ساڵی 1958 لە سوێد و ساڵی 1962 لە چیلی جامی جیهانی بەدەستهێنا.
 
ئەو ئەفسانەیە لە ساڵی 1965 وازی لە یاریکردن هێنا، ساڵی دواتر لەگەڵ بۆتافۆگۆ دەستی بە کاری راهێنەرایەتی کرد.
 
لە ساڵی 1970، پێش مۆندیالی مەکسیک، وەک راهێنەری هەڵبژاردەی نیشتمانی دەستنیشانکرا و تیپێکی پڕ لە ئەفسانەی وەرگرت، کە بریتی بوون لە پێلێ، خیرزینیۆ، گێرسۆن، رۆبێرتۆ ریڤێلینۆ و تۆستاو. لە یاریی کۆتاییدا بەرازیل بە چوار گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە ئیتاڵیای بردەوە و بووە یەکەم هەڵبژاردە کە سێجار نازناوەکە بباتەوە.
 
لە مۆندیالی 1974ـش راهێنەری بەرازیل بووە، بەڵام بەبێ پێلێ، تیپەکە پلەی چوارەمی بەدەستهێنا.
 
هەروەها زاگالۆ یاریدەدەری راهێنەر کارلۆس ئەلبێرتۆ پارێرا بوو کاتێک بەرازیل مۆندیالی 1994ـی ئەمریکای بەدەستهێنا، دوای ئەوەی لە یاریی کۆتاییدا لە ئیتاڵیای بردەوە.