راگەیاندنی گرێبەستی کانسێلۆ بۆ بارسێلۆنا لە ئانوساتدایە


رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا بەتەواوی لە گواستنەوەی جواو کانسێلۆ، بەرگریکاری پۆرتوگالی و یانەی هیلالی سعودی نزیکبووەتەوە و ژووری جلگۆڕینی یانەکە و هانزی فلیکیش پێشوازی لە گەڕانەوەی دەکەن.
 
بارسێلۆنا و هیلال لەسەر گەڕانەوەی کانسێلۆ بۆ یانەی بارسێلۆنا بەشێوەی خواستن تاوەکو هاوینی ئەمساڵ رێککەوتن و لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەو یاریزانە بەفەرمی پەیوەندی بە یانەکەوە دەکات.
 
بلاوگرانا 5 ملیۆن یۆرۆ لە مووچەی ئەو یاریزانە دەدات و گرێبەستەکەی بەخواستن دەبێت تاوەکو هاوینی ئەمساڵ.
 
سیمۆنی ئینزاگی، راهێنەری یانەی هیلال رازییە بە چوونی یاریزانەکە، بەڵام دەیەوێت بەر لە پەیوەندیکردنی بە بارسێلۆنا، کانسێلۆ لە یاریی بەرامبەر نەسڕ یاریی بکات.
 
هانزی فلیک، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا ئۆکەی لەسەر گەڕانەوەی کانسێلۆ بۆ یانەکە کردووە، ژووری جلگۆڕینی یانەکەش دڵخۆشە بە پەیوەندیکردنی ئەو یاریزانە بە تیپەکەوە و پێشوازی لە گەڕانەوەی یاریزانەکە دەکەن.
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، فلیک بۆیە پێی خۆشبووە کانسێلۆ بگەڕێتەوە، یاریزانەکە توانای ئەوەی هەیە لە چەند هێڵێکی جیاوازی یاریگە یاری بکات و دەتوانێت زۆر بۆشایی بۆ یانەکە پڕبکاتەوە.
 
کانسێلۆ پێشتر لە وەرزی 2023-2024 ئەو کاتەی یاریزانی مانچێستەر سیتی بوو بەخواستن یاریی بۆ بارسێلۆنا کردووە، لە باڵی راست و چەپ، لە هێڵی ناوەڕاست لە راست و چەپ یارییکردووە.
 
جواو کانسێلۆ تەمەنی 31 ساڵە، پەیوەندییەکی زۆرباشی لەگەڵ یاریزانانی بارسێلۆنا هەیە و راگەیاندنی گرێبەستەکەی لە ئانوساتدایە.