فلیک لەبەر خاتری یامال رێگری لە بڕیارێکی بارسێلۆنا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارێکی کتوپڕ لە بارسێلۆنا درا و هانزی فلیک رێگری لە رۆیشتنی ئەستێرەیەک دەکات لەپێناو بەرژەوەندیی لامین یامال!
لەگەڵ کردنەوەی دەرگەی گواستنەوەی زستانەدا، هەمیشە گرژییە ناوخۆییەکان و بڕیارە قورسەکان دەبنە سەردێڕی یانە گەورەکانی ئەورووپا، بارسێلۆناش لەمە بەدەر نییە.
یەکێک لە چیرۆکە هەرە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم زستانەی بلاوگرانا پەیوەستە بە روونی بارداخچی، ئەو یاریزانەی وەک ئەوەی دیاربوو داهاتووی نزیکی بەرەو جێهێشتنی یانەکە دەڕۆیشت، بەمەبەستی گەڕان بەدوای کاتی زیاتری یاریکردن و رۆڵێکی جێگیرتر، کە ئێستا لە پێکهاتەکەی یانە کەتەلۆنییەکەدا دەستی ناکەوێت.
بەڵام هەموو پلانەکانی ئەم یاریزانە، بەبڕیارێکی راستەوخۆی هانزی فلیکی راهێنەری ئەڵمانی تێپەڕێنران. ئەم بڕیارەی فلیک هەروا سادە و سەرپێیی نەبوو، بەڵکو پەیوەست بوو بە ئامانجێکی زۆر ورد و ستراتیژی، کە بریتی بوو لە پاراستنی گەوهەرە تاقانەکەی یانەکە، لامین یامال.
فلیک باش دەزانێت وەرزەکە درێژە و ئەو یاریزانەی کە کاریگەرترین چەکی هێرشبەری بارسێلۆنایە، پێویستی بە پشوودان و پەنادان هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت ئاستی جەستەیی و دەروونی خۆی بپارێزێت.
لێرەدا رۆڵی بارداخچی زۆر گەورەتر دەردەکەوێت لەوەی کە سەرەتا وێنا دەکرا. ستافی تەکنیکی یانەکە پێیانوایە لامین ناتوانێت لە هەموو یارییەکاندا بەشدار بێت، هەبوونی یەدەگێکی سروشتی لە باڵی راستدا کارێکی زۆر پێویستە بۆ دەستەبەرکردنی بەردەوامیی توانای هێرشبەریی تیپەکە.
بارداخچی بەو بەهرە و توانایەی کە لە بڕینی بەرگریی رکابەرەکاندا هەیەتی، باشترین بژاردەیە بۆ پڕکردنەوەی ئەو شوێنە لە کاتی پەیڕەوکردنی سیستمی 'نۆرەی یاریزانان' لە یارییەکانی لالیگادا.
جگە لەوەش، فلیک بیر لە بژاردەی تاکتیکی زیاتر دەکاتەوە بە مانەوەی ئەم یاریزانە سوێدییە، وەک گواستنەوەی لامین یامال بۆ ناوەڕاستی یاریگە یان بەکارهێنانی وەک 'دروستکەری یاری' لە بەرامبەر ئەو تیپانەی کە بەرگرییەکی داخراویان هەیە، ئەمەش وا دەکات بارداخچی وەک بژاردەیەکی سەرەکی لە باڵی راستدا بایەخێکی دووهێندە پەیدا بکات.
یاریزانەکە خۆی سوور بوو لەسەر رۆیشتن، پێیوابوو بەخواستن یان گواستنەوەی کاتی دەرفەتی زیاتری بۆ دەڕەخسێت، بەڵام فلیک پێداگری لەسەر مانەوەی کرد. هەرچەندە یانەکە دەزانێت بڕیارەکە بۆ یاریزانەکە قورسە، بەڵام وەک باشترین بژاردەی وەرزشی دەیناسێنێت بۆ پاراستنی هاوسەنگیی تیپەکە و پاراستنی ئەستێرە درەوشاوەکەیان.
فلیک بەڵێنی بە روونی داوە کە بە نزیکبوونەوە لە قۆناخە یەکلاکەرەوەکانی وەرزەکە، دەرفەتی زیاتری پێدەدرێت و پێگەی لە تیپەکەدا گەورەتر دەبێت.
مانگی یەک هیچ گۆڕانکارییەک لە دۆخی باردخچیدا دروست نابێت و دەبێت ئارام بگرێت و چاوەڕێی دەرفەتەکەی بێت. لەهەمان کاتدا، بارسێلۆنا ستراتیژیی خۆی بۆ پاراستنی لامین یامال جێبەجێ دەکات، بەو پەیامەی کە بۆ مانەوە لە لووتکەدا، هەبوونی یاریزانی ئامادە و یەدەگ مەرجێکی بنەڕەتییە، بارداخچیش بیەوێت یان نەیەوێت، یەکێکە لەو یاریزانانە.