گۆرێسکا پەیوەندی بە هانزی فلیکەوە کردووە و خەون بەبارسێلۆناوە دەبینێت
رووداو دیجیتاڵ
لیۆن گۆرێسکای ناوەڕاستکاری یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی، داوای لە هانزی فلیکی راهێنەری بارسێلۆنا کردووە، هاوینی رابردوو بیباتە یانە کەتەلۆنییەکە.
سەرچاوە رۆژنامەوانییەکانی ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، گۆرێسکا پەیوەندی بە هانزی فلیکەوە کردووە و ئارەزووی خۆی بۆ یەکگرتنەوەیان دوای کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی لە هاوینی 2026 لەگەڵ بایرن میونشن دەربڕیوە.
ئەو یاریزانە ئەڵمانییە تەمەن 30 ساڵە، کە لەژێر سەرپەرشتی فلیک لە بایرن و هەڵبژاردەی ئەڵمانیا پێشتر درەوشاوەتەوە، گرێبەستەکەی لەگەڵ بایرن میونشن لە کۆتایی وەرزی ئەمساڵدا، کۆتاییدێت و لە ئێستاوە دەتوانێت گفتوگۆ لەگەڵ یانە نوێیەکەی بکات، بایرن میونشن لاریی نابێت لە فرۆشتنی لەماوە گواستنەی زستانە، بەڵام پێدەچێت بارسێلۆنا ئێستا پێشینە بداتە کێشەکانی دیکە لە شوێنەکانی دیکەی پێکهاتەکەی، نەک هێڵی ناوەڕاست، بۆیە ئەگەر گۆرێسکا بگوازێتەوە، لە هاوین دەبێت نەک زستان .
میدیای ئیسپانیا دەڵێت، گۆرێسکا نامەیەکی بۆ فلیک ناردووە و تێیدا رایگەیاندووە، زۆر دڵخۆش دەبێت ئەگەر جارێکی دیکە لەژێر سەرکردایەتی ئەو راهێنەرە یاریی بکاتەوە و خۆی وەک بژاردەیەکی خاوەن توانای جەستەیی بەهێز، بۆ هێڵی ناوەڕاست پێشنیاز کردووە، بارسێلۆنا ناوی ئەوی لە لیستی ئامانجەکانیدا داناوە، لە هەمان کاتدا، یانەکانی ناپۆلی، ئاتلەتیکۆ مەدرید، تۆتنهام و یوڤێنتوس، بایەخ بە دۆخی یاریزانە ئەڵمانییەکە دەدەن.
لەگەڵ نەبوونی هیچ گفتوگۆیەک بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەلایەن بایرنەوە، گۆرێسکا بەدوای هەلی یاریکردن لە لالیگا دەگەڕێت، بەتایبەت دوای ئەوەی لەم وەرزەدا ئاستێکی جێگیر پێشکەش دەکات، بەڵام سنوورداربوونی دارایی بارسێلۆنا رێگرە لە هەر هەنگاوێک لە مانگی یەکدا، یەکگرتنەوەیان لە هاویندا وەک یاریزانێکی ئازاد بە ئەگەرێکی بەهێز دەمێنێتەوە، ئەگەر گفتوگۆکانی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە ئەڵمانییەکە وەکو ئێستا چەقبەستوو بن.