ئێندریک: خوا بۆی داناوم بچمە لیۆن

رووداو دیجیتاڵ

 

ئێندریک، یاریزانی بەرازیلیی یانەی ریال مەدرید، کە بەخواستن چووەتە ریزەکانی یانەی لیۆنی فەرەنسی، ئاشکرایکرد کە ئەوەی خوا بۆی داناوە دەبێت بیکات و ئاشکرایکرد کە کارلۆ ئەنچێلۆتی ئامۆژگاری کردووە لە ریال مەدرید بڕوات بۆ ئەوەی زیاتر یاری بکات.
 
ئەو گوتی "کاتێک پەیوەندیم لە لیۆنەوە پێگەیشت، هەستم کرد خوا  لەدڵمدایە، گابریێلی هاوژینیشم هەمان هەستی هەبوو، کە گرنگترین کەسە بۆ من. ئەگەر خوا ئەم رێگەیەمان پێشان بدات، مانای وایە دەبێت شوێنی بکەوین، ئەوەش ئەو شتە بوو کە لەدڵمدا هەستم پێکرد. لەو کاتەوەی کە هەستم بەوە لەدڵمدا کرد، دەستم کرد بە کارکردنی سەختتر بۆ ئەوەی بگەمە ئێرە، بۆ ئەوەی یارمەتی لیۆن بدەم و یارمەتی تیپەکەم بدەم، کە گرنگترین شتە بۆ من".
 
ئێندریک لەبارەی کارلۆ ئەنچێلۆتییەوە ئاشکرای کرد، کە راهێنەری پێشووی لە ریال مەدرید ئامۆژگاری کردووە لە ریال مەدرید بڕوات و گوتی "رێنمایی ئەنچێلۆتی بۆ من ئەوەبوو کە بڕۆمە دەرەوەی ریال مەدرید، یاری بکەم و پەرە بە ئاستی خۆم بدەم لەو شوێنەی کە دەتوانم یاری لێبکەم و تێیدا دڵخۆش بم. ئەوە بۆ من زۆر گرنگ بوو".
 
ئەو زیاتر گوتی "بێگومان بڕیارەکە من داومە، بەڵام بێگومان کەمێک کاریگەری کارلۆشی تێدابوو، چونکە ئەو راهێنەرێکی گەورەیە. لە ریال مەدرید لەگەڵی بووم، زۆر باش لەگەڵیدا راهێنانم کرد و زۆر باشیش لەگەڵیدا گەشەم کرد".
 
یاریزانە گەنجە بەرازیلییەکە سەبارەت بە هەڵبژاردەی بەرازیلیش قسەی کرد و گوتی "سوپاس بۆ خوا کە توانیم بۆ هەڵبژاردەی نیشتمانی یاری بکەم، توانیم گۆڵ بۆ هەڵبژاردەی نیشتمانی تۆمار بکەم، بەڵام ئێستا بانگهێشت ناکرێم و بە بەردەوامی یاری بۆ هەڵبژاردەی نیشتمانی ناکەم، چونکە ئەوە ئەوەیە کە خوا بۆ ژیانی منی داناوە. ئێستاش هەموو شتێک دەکەم، هەرچی لە توانامدا بێت دەیکەم بۆ ئەوەی بگەڕێمەوە بۆ هەڵبژاردەی نیشتمانی، کە لە منداڵییەوە خەونی من بووە و خەونی هەموو یاریزانێکە، هیوادارم بتوانم دووبارە بۆ هەڵبژاردەی بەرازیل یاری بکەمەوە".